وتار

بێ‌ ئازادكردنی رێبەر ئاپۆ، سیاسەتی گۆشەگیری كۆتایی نایەت

ئەنجامدانی هەندێ دیداری وەخت و ناوەخت بەم واتایە نیە كە 17 ساڵە سیاسەتی گۆشەگیری قورس جێبەجێ نەكراوە...

 م. دەلیلا 

زیاتر لە سێ مانگە سیاسەتی گۆشەگیری لەسەر رێبەری گەلی كورد رێبەر ئاپۆ جێبەجێ دەكرێت. چوار ساڵە كە رێگەی پێی نادرێ لەگەڵ پارێزەر و بنەماڵەی خۆی دیدار بكات. ئەم رەوشە بە تەواوەتی هەڵسوكەوتی بەبارمتەگرتنە. لە راستیدا 17 ساڵە لە زیندانی تاكەكەسی وەكو بارمتە رادەگیردرێت. هەر چەند پێنج زیندانی تریش لە دورگەی ئیمراڵیدان، بەڵام لە بنەمادا ئیمراڵی زیندانێكە تیایدا شەڕی تایبەت و رەوانی بەڕێوە دەچێت. واتە بەردەوام هەڕەشە و سیاسەتی شانتاژ لەسەر رێبەری گەلی كورد پەیڕەو دەكرێت. رێبەری گەلی كورد، بزوتنەوەی ئازادی و گەلی كوردیش دەركیان بەم بابەتە كردووە. ئەو هەڵسوكەوتەی لەگەڵ رێبەری گەلی كورد دەكرێ، ئەوە دەسەلمێنێت كە سەبارەت بە پرسی كورد، زهنیەت نەگۆڕاوە و پێداگری دەكرێت لەسەر "سیاسەتی بێ‌چارەسەرهێشتنەوە". بۆیە تا كاتێ هەڵسوكەوتی شیاو لەگەڵ رێبەری كورد نەكرێ و ئازاد نەبێت، گۆڕینی ئەم زهنیەت و سیاسەتە ئەستەمە.

ئەو دیدارانەش تا ئێستا لەگەڵ رێبەری گەلی كورد ئەنجام دراون، بە شێوەی ئامێری شەڕی رەوانی بەكار هێنراون. چونكە تا ئێستا لە هەلومەرجی ئازادانە چاوپێكەوتن ئەنجام نەدراوە و هەر دیدارێك لە ئەنجامی سیاسەتێكی شەڕی رەوانی ئەنجام دراوە یاخود نەدراوە. بەم هۆیەوە، گۆشەگیركردن 17 ساڵە كە بەردەوام بووە و تەنانەت بۆ رۆژێكیش واز لە سیاسەتی گۆشەگیركردن نەهێنراوە.

ئەو كەسەی لە ئیمراڵی بە بارمتە گیراوە، كەسێكی ئاسایی نیە؛ بەڵكو رێبەری سیاسی گەلی كوردە. لەبەر ئەمەش، ناتوانرێ بە پێوانەكانی هەڵسوكەوت لەگەڵ هەر كەسێكی تر هەڵسەنگێندرێت. ئەگەر زیاتر لە 17 ساڵە هێشتا تەنانەت یەك رۆژیش دەست لە شەڕی تایبەت و رەوانی هەڵنەگیراوە، ئەمە دێتە واتای دوژمنیكردنی گەلی كورد. لە دۆخی ئێستادا سیاسەتی دەوڵەت لەسەر بنەمای دوژمنیكردنی كوردانە. ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە كە هێًشتا واز لە سیاسەتی ژینۆسایدی كولتووری نەهێنراوە. ئەگەر بەم شێوەیە سەیری هەڵسوكەوت و كردەوە جێبەجێكراوەكان لە ئیمراڵی نەكرێ، هەڵسەنگاندنێكی راست و بەجێ نابێت. چونكە تا بە ئەمڕۆش بۆ ساتێكیش سیاسەتی گۆشەگیركردن رانەگیراوە. تەنانەت رۆژێكیش شەڕی رەوانی و تایبەت رانەوەستاوە. ئەنجامدانی هەندێ دیداری وەخت و ناوەخت بەم واتایە نیە كە 17 ساڵە سیاسەتی گۆشەگیری قورس جێبەجێ نەكراوە. چونكە لە كاتی ئەو چاوپێكەوتنانەش، گۆشەگیركردن و سیاسەتی شەڕی تایبەت بەڕێوە دەچوو. ئەمەش وەڵامی ئەو پرسیارە كە دەڵێت: "بۆ لە پرسی كورددا هەنگاو چارەسەرئامێز هەڵناگیردرێت؟" بێ‌ هاتنەئاراوەی ئازادی رێبەری گەلی كورد و بێ‌ ئەنجامدانی دیدار و گفتوگۆی لایەنەكان لە هەلومەرجی ئازاددا گۆشەگیری هەڵناگیردرێت. بۆیە دیدارە وەخت و ناوەختەكانی هەندێ پەرلەمانتارەكان لە ئیمراڵی، هەروەها چاوپێكەوتنەكانی بنەماڵە كە لە ساڵێكدا چەند حەفتە جارێك ئەنجام دەدرێ، بەم واتایە نیە كە لە ماوەی ئەنجامدانی ئەم دیدارانە گۆشەگیری جێبەجێ نەكراوە. ئەگەر لەم روانگەیەوە سەیری گۆشەگیركردن بكرێ، نە ئەم سیاسەتە رادەگیردرێ و نەك لە چارەسەركردنی پرسی كورددا هەنگاو هەڵدەگیردرێت. ئەو كەسانەی پەی بەمە نەبەن، هەم لە ناسینی دەوڵەتی تورك بێ‌بەری دەمێننەوە هەم لە ناسینی پرسی كورد.

لەبەر ئەم هۆكارە، لەم هەلومەرجەی گۆشەگیرییەدا، ئەگەر دیدارە ئەنجامدراوەكان وەكو لابردنی سیاسەتی گۆشەگیركردن یاخود وەكو لەئارادابوونی قۆناخی چارەسەری ببیندرێ، خافڵان و هەڵخەڵەتاندنە. لە راستیدا هەر لەبەر ئەم هۆكارەیە كە ئەم فریوە لە نێو نەچووە، قۆناخی چارەسەری پێك نەهاتووە و هیچ هەنگاوێك هەڵنەگیراوە. تا كاتێ وەلانانی گۆشەگیركردن وەكو ئازادی رێبەر ئاپۆ، ئەنجامدانی دیداری ئازادانە و گفتوگۆ دەرك نەكرێ، نە سیاسەتی گۆشەگیری لا دەبردرێت و نەك قۆناخێك بە ناوی قۆناخی چارەسەری دێتە ئاراوە. لەم روانگەوە، ئیتر لابردنی گۆشەگیری بە واتای لەناوبردنی نیە، بەڵكو تا كاتێ رێبەری گەلی كورد ئازاد نەكرێ، سیاسەتی گۆشەگیركردنیش نابڕیتەوە. چونكە گۆشەگیركردنی رێبەری گەلی كورد واتە بەبارمتەگرتنی ئەو، دێتە واتای گۆشەگیركردن و بەبارمتەگرتنی نەتەوەیەك. گەلی كورد 17 ساڵە ئەم ژانە تەحەموڵ دەكات. ئەم رەنجە لە هەمان كاتدا، توڕەیی گەلی كوردیشە. لە راستیدا گەلی كورد لە هەر دەرفەتێك لە بەرامبەر دەوڵەتی تورك كە ئەم رێبەرەی بە بارمتە گرتووە، رق و توڕەیی خۆی نیشان داوە. بەڵام دەوڵەتی تورك و حكومەتەكانی، هێشتا سەبارەت بەم رەوشە خۆیان لە نەفامی دەدەن. گەلی كورد درەنگ یا زوو بە هەر شێوەیەك بێت زۆر ئاشكرا ئەمە بە دەوڵەتی تورك دەسەلمێنێت.

بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كورد لە بەیاننامە و هەڵسەنگاندنەكانی خۆی دوای هەڵبژارتنەكانی پەرلەمانی توركیا، ئاشكرای كرد كە رەوشی دیلێتی رێبەری گەلی كورد قبوڵ ناكات. لەم لێدوانانەدا جەخت كراوەتەوە ئەو دیدارانەی تا ئێستا لە پێناو چارەسەری پرسی كورد بە رێبازی دیموكراتیك ئەنجام دراون پێویستی بووە و دوای ئەوانە هەر شتێك ئاشكرا بووە. بەتایبەت دوای لێدوانی هاوبەشی "دولمەباخچە" ئیتر ئەستەمە رابردوو دوبارە ببێتەوە. لە حاڵێكدا گەلی كورد لە پێناو ئازادی رێبەر ئاپۆ لە هەر شوێنێك لە سەرهەڵداندایە. ئەم راستیە، نیشاندەری ئەوەیە كە گەلی كورد و هێزە دیموكراسیخوازەكان تێگەیشتوون كە هەم وەلاوەنانی سیاسەتی گۆشەگیركردن و هەم دەستپێكردنی قۆناخێك لە پێناو چارەسەركردنی پرسی كورد، لەگەڵ ئازادی رێبەری گەلی كورد دەستەبەر دەكرێت. ئەمە لە حاڵێكدایە كە لەم لێدوانانەدا جەخت كراوەتەوە كە لەمەوبەدوا، ئەنجامدانی دیداری وەخت و ناوەختی شەرێ تایبەت، هیچ واتایەكی نابێت.

دەوڵەتی تورك تا ئێستا، بە مەیلی خۆی و بە پێ پێویستی بەرژەوەندی خۆی، ئیزنی ئەنجامدانی دیداری داوە و كاتێ بەرژەوەندی ئەوی تێدا نەبووە ئیزنی نەداوە. رێبەر ئاپۆ و جوڵانەوەی ئازادیخوازی گەلی كورد لە پێناو تێگەیاندنی ئەم بابەتە كە چارەسەری تەنیا لە رێگای دیالۆگ و دیموكراسییەوە بەدێ دێت، لە بەرامبەر سیاسەتەكانی شەڕی تایبەتی حكومەتی داد و گەشەپێدان بە سەبرەوە هەڵسوكەوتیان كردووە. هەروەها تێگەیشتنێكی وەهایان دروست كردووە كە چارەسەركردنی پرسی كورد و دروستكردنی دەرفەت لەم پێناوەدا، بە رێكاری دیموكراتیك بەدی دێت. لە ئەنجامی ئەم سەبرە، رێكەوتنی دۆڵمەباخچە ئەنجام دراوە. ئەمە، تێپەراندنی هاوتایەك بوو. هەر چەند تەیب ئەردۆغان پێداگرانە نكۆڵی لەمە دەكات، بەڵام رێكەوتنی دۆڵمەباخچە پێك هاتووە. ئەوەی لەمەوبەدوا دەبێ جێبەجێ بكرێ، لێرەوە دەست پێ بكات و بە ئەنجامدانی گفتوگۆ لە هەلومەرجی ئازاد لەگەڵ رێبەری گەلی كورد كۆتایی بێت. هەر كەسێكیش رێز لەمە دەگرێ كە كاتێ ئازادی گەلێك لە ئارادا بێت، مەرجە كە هەلومەرجی دانوستانكاری سەرەكی كە ئەم بابەتە لە گفتوگۆكاندا دەخاتە بەرباس، ئازاد بێت. بۆیە دەبێ لە هەلومەرجی ئازاددا لەگەڵ هەر كەسێك و لە هەر كاتێك كە بیەوێ، بتوانێ وتووێژ بكات. بێ‌ ئەنجامدانی گفتوگۆ لە هەلومەرجی ئازادانە، نە دەتوانرێ باس لە گفتوگۆ بكرێت و نەك لە هەڵگرتنی هەنگاوێك لە پێناو چارەسەركردنی پرسی كورد.

بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد لە گفتوگۆكاندا هەلومەرجی ئازاد پێًویستیەكە. لە دۆخی نەبوونی ئەم هەلومەرجە و نەبوونی دەرفەتی ئەنجامدانی دیداری سەربەست لەگەڵ هەر كەسێك، گفتوگۆ و دیدارەكانی رێبەر ئاپۆ ناتوانرێ چاك بێت. بۆیە لە پێناو راگرتنی رێزی دانوستانكاری سەرەكیش بێت، دەبێ رێبەر ئاپۆ ئازاد بكرێت. تێنەگەیشتن لەمە بێ‌عارییە. ئەگەر دەیانەوێ سەبارەت بە كێشەی كورد جدی بن، دەستبەجێ ئەم رێبەرە لە هەلومەرجێكی ئازاددا دابنرێت. دەبێ هەلومەرجێك دەستەبەر بكرێ كە بتوانێ تیایدا گفتوگۆ بكات. تا كاتێ ئەم كارە جێبەجێ نەكرێ، نە قۆناخی چارەسەری لە ئارادا دەبێت و نەك دەتوانرێ باس لە وەلاوەنانی سیاسەتی گۆشەگیركردنی بكرێت.

ئەگەر باسێك لە پرۆسەی چارەسەری دێتە ئاراوە، دەبێ هەر كەسێك جدی بێت. سەرەتا دەبێ گفتوگۆ لەسەر رەوشی دانوستانكاری سەرەكی بكرێت. ئەگەرنا، سووربوون لەسەر سیاسەتی بێ‌چارەسەرهێشتنەوەی دووبارەی رابردوو، بە واتای لەباربردنی هەلی گەشەكردووی چارەسەركردنی پرسەكەیە. پێش هەموو كەسێك، رێبەر ئاپۆ ئەمە قبوڵ ناكات. لەم رووەوە هیچ كەسێك هەولێ فریوی ئەوی تر نەدات. دەوڵەت لە هەوڵی خەڵەتاندنی كەسێك نەبێـت. چونكە بێ‌ ئازادی رێبەری گەلی كورد، نە گفتوگۆ ئەنجام دەدرێت و نەك چارەسەرییەك دێتە ئاراوە. هاتوچۆكردنی دوورگەی ئیمراڵی وەكو رابردوو، پێش هەموو شتێك بێ‌رێزییە بەو هەموو هەوڵدانانەی رێبەر ئاپۆ كە تا ئێستا كردوویەتی و ئەو سەبرەی كە لە خۆی نیشانی داوە. بێ‌ ئازادی رێبەر ئاپۆ هیچ كەسێك ناتوانێ كێشەكە چارەسەر بكات. چونكە بۆ چارەسەری، پێشكەوتنێك لەگەڵ خۆی ناهێنێت. لەم رووەوە سەرەتا گەلی كورد و هەموو هێزە دیموكراسیخوازەكان دەبێ لە پێناو ئازادكردنی رێبەر ئاپۆ دەست بە خۆپیشاندان بكەن. گۆشەگیركردن، بێ‌ ئازادی نابڕدرێتەوە. بۆیە چالاكی و تێكۆشان دەبێ لە پێناو ئازادی رێبەر ئاپۆ و ئەنجامدانی گفتوگۆ لە هەلومەرجی ئازادا بێت.

جەلال دۆغان، پەرلەمانتاری HDP (پارتی دیموكراتیكی گەلان) دوای دیدارەكەی لەگەڵ تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "هەست دەكەم مەیلی بەردەوامكردنی قۆناخی چارەسەری هەیە." ئەم تێگەیشتنە لەم رووەوە راستە كە تەیب ئەردۆغان لەم ساڵانەدا چ نیازێكی لەم دیدارانەدا هەبووە، رەنگە بە نیازێكی هاوشێوەی ئەمە، خوازیاری دووپاتكردنەوەی رابردوو بێت. بە پێچەوانەی تێگەیشتنەكان، نە تەنیا بۆ چارەسەری پرسی كورد هەنگاو نانێت، بەڵكو بە ئامانجی لەنێوبردنی هەلومەرجی چارەسەركردنی ئەوە، لەمەوبەدواش رەنگە لە هەوڵی جێبەجێكردنی سیاسەتێك بێت بۆ لێدانی گورزی كوشندە لە بزوتنەوەی ئازادی و بیرۆكەی پاكتاوكردنی. واتە هاتوچۆی ئیمراڵی بكرێ، بەڵام سەبارەت بە چارەسەركردنی پرسی كورد هەنگاو هەڵنەگیردرێت. ئاشكرایە كە ئەمە زهنیەت و نیازی چارەسەری نیە. بۆیە لە بیاننامەكانی جوڵانەوەی ئازادیخوازی گەلی كورد بە ئاشكرا هاتووە كە لەمەوبەدوا، دووبارەكردنی رابردوو ئەستەمە، بەڵكو بەردوامكردنی گفتوگۆكان لە هەلومەرجێكی ئازادانە لە لایەن رێبەر ئاپۆ، گواستنەوەی ئەنجامی ئەم گفتوگۆیانە بۆ پەرلەمانی توركیا و وەرچەرخاندنی بە یاسا و دەستوری بنچینەیی، هەروەها جێبەجێكردنی ئەوانە تەنیا لە هەلومەرجی "ئاگربەستی هەمیشەیی" دەستبەبەر دەبێت. بە پێچەوانەوە، ئەگەر بوترێ دەمانەوێ قۆناخی چارەسەری بەردەوام بكەین و سیاسەتی رابردوو دووبارە ببێتەوە، دێتە واتای ئەوەی كە هیچ قسەیەك نەوتراوە.