به‌دیهاتنى ئازادى و سه‌ربه‌خۆیى وڵاتێک له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌ت گه‌نده‌ڵ و بێ‌پایه ده‌بێت. بۆ ئازادکردنى وڵاتیک پێویست به ده‌وڵه‌ت نیه...
مسته‌فا محه‌مه‌د
به‌شى دووه‌م و کۆتایی
له‌به‌ر بوونى زیاده‌ڕه‌وى له نکۆڵیکردنى کورد له تورکیادا یاخود له‌به‌ر تووشبوونى نه‌خۆشى زهنی، هه‌روه‌ها به هۆکاری مێژوویى، سه‌رانى ده‌وڵه‌ت تا ژێرترین گروپه‌کانى کۆمه‌ڵگا، ده‌ستبه‌جێ کاردانه‌وه‌ى نه‌رێنیان بۆ وشه‌ى ئۆتۆنۆمى نیشان دا و وتیان ئه‌مه دێته واتای پارچه‌کردن. هه‌روه‌ها که ده‌زانرێت له دابه‌شکارییه‌کانى عوسمانییه‌کاندا، خواستى گه‌یشتنى هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک به ده‌وڵه‌تێک و له ئه‌نجامى جێبه‌جێ‌کردنیدا، هه‌ر داوایه‌کى کوردان چه‌نده‌ش مه‌عقول بێ، ده‌ستبه‌جێ له‌گه‌ڵ بیرهێنانه‌وه‌ى ئه‌م رابردووه، وه‌ک دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌ت ده‌بیندرێت و له کاتى دابه‌شکارى به‌م شێوه، گومان و ترسێک دروست ده‌بێت. مسۆگه‌ره که ئه‌مانه پێش حوکمێکن که ده‌بێ به‌لاوه بنرێت.
ئیتر له سه‌ده‌کانى (19) و (20)دا ناژین. ئه‌و ئۆتۆنۆمى دیموکراتیکه‌ى که باسى لێوه ده‌که‌ین، ده‌ربڕینى هیچ جۆره سنوورێک نیه. لێره‌دا ئۆتۆنۆمى ته‌نانه‌ت جیاوازییه‌کانى خۆى ده‌خاته ڕوو و هه‌مه‌ڕه‌نگیش قبوڵ ده‌کات. ئه‌گه‌ر له شوێنێکدا جیاوازییه‌کانى په‌سه‌ند بکرێت، چه‌شنه‌یه‌ک تایبه‌تمه‌ندى و بابه‌تى تایبه‌ت به‌وانه‌وه دێته ئاراوه. هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌م سیستمه‌دا جێى ده‌گرن، به زمان، ناسنامه و کلتوریان، خۆیان ده‌رده‌بڕن. ته‌کڕه‌نگى قه‌ت په‌سه‌ند ناکرێت؛ له ناو ره‌نگێکى تردا ناتوێته‌وه. له‌م چوارچێوه‌دا قبوڵ‌کردنى جیاوازى و تایبه‌تیبوونى ناسنامه‌یى پێوسته. واته له ناو دیموکراسیدا، په‌سه‌ندکردنى ناسنامه‌ى کوردان، په‌روه‌رده به زمان دایکی، دابین‌کردنى ئازادى کلتورى و ئه‌نجامدانى سیاسه‌تى ئازاد له‌گه‌ڵ ئۆتۆنۆمى دیموکراتیک جێبه‌جێ ده‌کرێت. به پێچه‌وانه‌ى ئه‌م دۆخه، به وتنى ده‌سته‌واژه‌ى ئۆتۆنۆمى و ده‌ستبه‌جێ لێکدانه‌وه‌ى به شێوه‌ى دانانى سنوور و پارچه‌کردنى ئه‌و وڵاته هه‌ڵه‌یه؛ چه‌واشه‌یه.
زۆرترین کاردانه‌وه‌ى له به‌رامبه‌ر سیستمى ئۆتۆنۆمى دیموکراتیک، له‌به‌ر پێشنیارى سیستمى ئیدارى به شێوه‌ى پارێزگایه. ئه‌م سیستمه ئیدارییه وه‌ک دانانى سنوور و دابه‌شکردنى تورکیا لێک ده‌درێته‌وه. راست‌تر ئه‌وه‌یه، ئه‌وانه‌ى نیازى چاره‌سه‌ریان نیه، به لێکدانه‌وه‌یه‌کى خراپ، راستى چه‌واشه ده‌که‌ن. سیستمى پارێزگا له ئۆتۆنۆمى دیموکراتیکدا له‌گه‌ڵ ناسینى ده‌سه‌ڵاتى ناوه‌ندى گه‌ڕه‌که‌کان، له زۆربه‌ى وڵاتانى دونیادا هه‌یه. له‌م سیستمه باس له‌وه نه‌کراوه که "منیش سنوورێک بکێشم". ئه‌م سیستمه ئیدارییه، شێوه‌یه‌کى به‌رفراوان‌تره له سیستمى شار. له ئۆتۆنۆمى دیموکراتیکى شاردا سیستمى پارێزگاى کۆمه‌ڵگاى دیموکراتیک زه‌رور نیه. ئه‌گه‌ر له ئه‌نجامى گۆڕینى یاساى بنچینه‌ییدا، ته‌نیا ئه‌وه به‌سه که ناسنامه‌ى کورد به شێوه‌یه‌کى فه‌رمى قبوڵ بکرێت، په‌روه‌رده به زمانى دایکى له کرده‌وه‌دا جێبه‌جێ بێت و کوردان بتوانن به شێوه‌یه‌کى ئازاد په‌ره به کلتوریان بده‌ن. له سه‌ر بنه‌ماى ئازادى بیر و رامان و رێکخستن‌کردن به‌م ناسنامه‌وه، ده‌توانن هه‌ر رێکسختن و سیاسه‌تێکى ئازاد به‌ڕێوه ببه‌ن و ئه‌نجومه‌نى هه‌رێمى دروست بکه‌ن.
سیستمى پارێزگا بابه‌تێکى جیاوازه. سیستمى پارێزگا له ناو ئۆتۆنۆمى دیموکراتیکدایه و شتێک نیه له ده‌ره‌وه‌یدا جێى بگرێت. ته‌نانه‌ت پێویست ناکات پێکهاته‌ى ناوه‌ندى تێک بدرێت. وه‌ک نمونه؛ ته‌واوى ده‌زگاکانى تورکیا ده‌توانێ له کوردستانیشدا هه‌بێت. ته‌واوى دام و ده‌زگاکانى په‌یوه‌ندیداریشى ده‌توانن له کوردستاندا خه‌ریکى رێکخستن بن. وه‌ها ده‌زگاسازییه‌ک که به واتاى پێکهاته‌ى ناوه‌ندى دێت، له‌گه‌ڵ ئۆتۆنۆمى دیموکراتیکدا ناکۆک نیه. ده‌بێ جه‌خت له‌وه بکرێته‌وه که ئه‌م نزیکبوونه‌وانه هه‌ڵه‌یه که ده‌ڵێن "له دۆخى بوونى ئۆتۆنۆمى دیموکراتیکدا پێکهاته‌ى ناوه‌ندى له‌ناو ده‌چێت" یاخود "ئه‌گه‌ر پێکهاته‌ى ناوه‌ندى هه‌بێت، ئۆتۆنۆمى دیموکراتیک نابێت". له ناو پێکهاته‌ى ناوه‌ندیدا ده‌توانرێت ئۆتۆنۆمى دیموکراتیک دابمه‌زرێت. له دۆخى دروست‌کردنى ئۆتۆنۆمى دیموکراتیکداش، پێکهاته‌ى ناوه‌ندى له‌ناو ناچێت. ئه‌مه ده‌بێ هه‌موو سیاسه‌تمه‌داران، به‌رپرسانى ده‌وڵه‌تی، دیموکراته‌کان و ئه‌و که‌سانه‌ى به کێشه‌ى کورده‌وه له په‌یوه‌ندیدان بزانن.
وه‌ک ئه‌نجام؛ له هه‌ر وڵاتێک‌دا ناسنامه‌ى گه‌لێک په‌سه‌ند ده‌کرێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م گه‌له ده‌توانێ به زمانى دایکى په‌روه‌رده ببینێت، وه‌ک کلتوره‌کانى تر ئه‌م کلتوره‌ش له هه‌ر جۆره هه‌ل و ده‌رفه‌ت سوودمه‌ند بێت، هیچ ئاسته‌نگییه‌ک له به‌رده‌میدا نه‌بێت، له سه‌ر بنه‌ماى ئازادى رامان و رێکخستن‌کردن له پێشخستنى هه‌ر جۆره رێکخستنى گه‌ل کۆسپ نه‌مابێته‌وه و به‌مجۆره بتوانێت به ئیراده‌ى خۆى له ناوه‌وه ئیراده‌ى هه‌رێمى بۆ ناوه‌ند ره‌نگ بداته‌وه، له‌وێدا ئۆتۆنۆمى دیموکراتیک هه‌یه. به‌م شێوه‌یه ده‌توانرێت بارى ناوه‌ند سوکتر بێته‌وه. نه ته‌نیا کوردان، به‌ڵکو نه‌ته‌وه و که‌مایه‌تییه‌کانى تریش ده‌توانن به ئاسانى په‌ره به ناسنامه و کلتورى خۆیان بده‌ن و ئه‌نجومه‌نه‌کانیان دروست بکه‌ن، به‌ڵام له هه‌ر جۆره دانانى هێڵى سنوورن واته "ئه‌م به‌شه‌ى خاکه‌ى هى منه، ئه‌وێ هى تۆیه..." ناتوانرێ باس بکرێت. له ئه‌نجامدا، ئۆتۆنۆمى دیموکراتیک، قبوڵ‌کردنى ته‌واوه‌تی ناسنامه جیاوازه‌کانه و به شێوه‌یه‌کى سروشتی، ناسینى ئازادى زمان، ناسنامه، کلتوره‌کان و رێکخستن‌کردنیانه. ئه‌گه‌ر وڵاتیک دیموکراتیزه بێته‌وه، ناچاره ئه‌مانه‌ش بناسێت. به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌گه‌ر بوترێت "دیموکراتیکم به‌ڵام ئه‌م گه‌لانه ناناسم"، ئه‌و وڵاته ناتوانێ باسى دیموکراتیک‌بوون بکات.
ئۆتۆنۆمى دیموکراتیک له ناو سنووره‌کانى ئه‌و وڵاته‌دا بۆ هه‌ر که‌سێکه یاخود ته‌واوى کۆمه‌ڵه‌کان له‌ناو دیموکراسیدا ده‌توانن له مافى کۆمه‌ڵایه‌تى و تاکه‌که‌سى خۆیان سوودمه‌ند بن. هه‌ڵه‌یه ئه‌گه‌ر مافى تاک بناسرێت به‌ڵام مافى کۆمه‌ڵایه‌تى قبوڵ نه‌کرێت.» کوردان کۆمه‌ڵگایه‌کن، که‌سێک نین. بۆیه تاوتوێکردنى کێشه‌که ته‌نیا له سه‌ر بنه‌ماى مافى فه‌ردى هه‌ڵه‌یه. مافى تاکه‌که‌سى دابڕاو نیه له مافى کۆمه‌ڵایه‌تی. له ته‌نیشت مافى فه‌ردی، له هه‌مان کاتدا په‌روه‌رده و ئه‌نجامدانى کار و خه‌باتى کلتورى ئه‌و تاکه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگایه‌ک به هه‌مان زمان، ناسنامه و کلتور، بونیادنانى ده‌زگا دیموکراتیکه‌کان و ئه‌نجومه‌نه‌کانی، ده‌بێ وه‌ک ئه‌نجامى سروشتى دیموکراسى لێک بدرێته‌وه. هه‌روه‌ها که په‌روه‌رده به زمانى تورکى و فارسى ده‌کرێت، په‌روه‌رده به زمانى کوردیش لواوه. هه‌روه‌ها که ده‌رفه‌تى به‌کارهێنانى تورکى و فارسى له کاتى سازدانى په‌یوه‌ندى له شوێنه‌کان، ده‌زگاى ره‌سمى و... هه‌یه، کوردیش ده‌بێ به‌کار بهێندرێت. ئه‌مانه نابێ وه‌ک دابه‌شکردنى ئه‌و وڵاته شرۆڤه بکرێت. ته‌نانه‌ت له کاتى جێبه‌جێ‌کردنى ئه‌مانه، یه‌کێتى کوردان له‌گه‌ڵ تورک و فارس و گه‌لانى تر پته‌وتر ده‌بێته‌وه. ته‌نانه‌ت دانانى سنوور بۆ کوردان سودێکى نیه. چونکه نیوێک له کوردان له تورکیادا ده‌ژین. تورک و عه‌ره‌بیش له کوردستاندا ده‌ژین. پێویست ناکات ئه‌م کۆمه‌ڵگایانه له یه‌کتر جیا بکرێنه‌وه. پێویست ناکات په‌یوه‌ندییه‌کان بپچڕێت و وه‌ها جیاوازیگه‌لێک بێته ئاراوه. باس‌نه‌کردنى ئه‌م جیاوازیانه، نابێ به‌واتاى ره‌ت‌کردنى جۆراوجۆرییه‌کان بێت، به‌ڵکو ده‌بى ئۆتۆنۆمى دیموکراتیک وه‌ک پارێزگارى جیاوازییه‌کان و وه‌ک هێزى کاریگه‌رى ببینین که ئه‌م په‌یوه‌ندیانه به‌هێز ده‌کات. نه‌ته‌وه ـ ده‌وڵه‌تى کورد و زهنییه‌تى ناسیۆنالیزم پێویست ناکات و نابێ جیاوازى وه‌ک باڵاده‌ستى یاخود بیانۆى جیابوونه‌وه ببندرێت.
ئۆتۆنۆمى دیموکراتیک له هه‌مان کاتدا کوردستانى ئۆتۆنۆم ـ دیموکراتیکه
کوردستان نیشتمانێکه که کوردان تێدا ده‌ژین. پێش هاتنى تورکه‌کان بۆ ئانادۆلی، کوردان له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا تا ئه‌مڕۆ له خاکێکدا ده‌ژین که پێى ده‌ڵێن کوردستان. پێش هێرشى سه‌لجوقیان له ئێرانه‌وه بۆ ئاناتۆلى له سه‌رده‌مى سوڵتان سنجه‌ر، شاى سه‌لجوقى ئێران، به به‌شێک له‌م خاکه وا کوردان تێدا ده‌ژیان، وتویانه کوردستان. له‌ناو ده‌وڵه‌تى سه‌لجوقى ئێران‌دا، کوردستان وه‌ک (ساتراپ)ێک واته وه‌ک پارێزگایه‌ک ئیداره کراوه. بۆیه به‌و شوێنانه که کوردان تێدا ژیاون، دانانى ناوى کوردستان شتێکى زۆر سروشتییه. تێڕوانینى به‌دیهاتنى ئازادى نه‌ته‌وه‌کان له رێگه‌ى نه‌ته‌وه ـ ده‌وڵه‌ته‌وه، تێڕوانینێکى بورژوازییه که فه‌رمانڕه‌وایانى نوێ نه‌ته‌وه‌کانن. ده‌ره‌نجامى تێڕوانینى نه‌ته‌وه‌یى نه‌ته‌وه ـ ده‌وڵه‌تگه‌راى بورژواکانى کاپیتالیزم و چه‌مکى "بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه، ده‌وڵه‌تێک"، به‌تایبه‌ت له سه‌ده‌کانى (19) و (20) زایینی‌دا وه‌ک دۆگمێک لێک دراوه‌ته‌وه. واته نه‌ته‌وه ـ ده‌وڵه‌ت دینى کاپیتالیزمه. ئه‌مڕۆ هه‌ڵه‌بوونى ئه‌م تێڕوانینه نه ته‌نیا له بوارى کردارییه‌وه به‌ڵکو له بوارى ئایدیۆلۆژیک و تیۆرییه‌وه‌ش ئاشکرا بووه. له‌گه‌ڵ دووریگرتن له عه‌قڵیه‌تی نه‌ته‌وه ـ ده‌وڵه‌ت، ناسیۆنالیزم و دامه‌زرێنه‌رانی، ده‌کرێت زیاتر به ره‌هه‌ندى دیموکراتیک نزیک بووه‌وه. ئه‌زمونى دیموکراسى و ئازادییه‌کانى له ئه‌مڕۆ به‌دواوه ته‌نیا بۆ کوردان نیه، به‌ڵکو بۆ تورک، ئه‌ڵمانی، سویسى و... ده‌بێت. نیشتمان دیارده‌یه‌که که له‌گه‌ڵ ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ى تێدا ده‌ژین واتاى هه‌یه.
ئه‌مڕۆ له وڵاتانى ئه‌وروپادا که زۆر ناسنامه‌ى جۆراوجۆریان قبوڵ کردووه، جوگرافیاى نیشته‌جێیه‌کان، له‌گه‌ڵ ناوى ئه‌و کۆمه‌ڵانه ده‌ناسرێت. ئه‌مڕۆ جۆگرافیاى نیشته‌جێیانى (باسک)ه‌کانى ئیسپانیاش وه‌ک هه‌رێمى باسک ده‌ناسرێت. له ئینگلیزدا کاتێ که‌سێک پێناسه‌ى ئه‌و وڵاته ده‌کات، باس له ئیسکاتله‌ند و ئیرله‌ندیش ده‌کات. به‌و شوێنانه‌ى که گه‌لى (گال) ده‌ژی، (گال)ه‌کان ده‌وترێت. ئه‌م دۆخه بۆ زۆرێک له وڵاتانى ئه‌وروپایى به‌م شێوه‌یه. له که‌نه‌دا به‌و هه‌رێمه‌ى که فه‌ڕه‌نسییه‌کان لێى ده‌ژین، هه‌رێمى (قۆبج) ده‌وترێت. ئه‌مانه هیچ په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ دابه‌شکردندا نیه. هه‌روه‌ها که گۆڕینى ناوى ئاژه‌ڵ و گیا و شاره‌کان راست نیه، گۆڕینى ناوى ئه‌م خاکانه‌ش هه‌ڵه‌یه. ئه‌م خاکانه له رابردووه تا به ئه‌مڕۆ به ناوى کوردستانه‌وه ناسراون. به پێى به‌ڵگه فه‌رمییه‌کان له سه‌رده‌مى عوسمانیه‌کاندا ناوى کوردستان تۆمار کراوه. له ته‌واوى نه‌خشه‌کانى دونیادا کوردستان تۆمار بووه. عه‌ره‌به‌کانیش به کوردستان ناویان لێ بردووه. له ئێران‌دا به‌و شوێنه‌ى که کوردان لێى ده‌ژین، ده‌ڵێن کوردستان و هیچ ده‌مارگرژییه‌ک دروست ناکات. کوردستانى ئۆتۆنۆم ـ دیموکراتیک شێوه‌ى ئاشکراى ئۆتۆنۆمى دیموکراتیکه. بۆیه، پێگه‌ى سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تى ئه‌م جوگرافیایه ده‌بێ وه‌ک کوردستان ئۆتۆنۆم دیموکراتیک قبوڵ بکرێت.
کوردستانى ئۆتۆنۆم و دیموکراتیک له لایه‌کى تره‌وه، له‌گه‌ڵ زهنییه‌تى نه‌ته‌وه ـ ده‌وڵه‌ت‌گه‌را و زهنییه‌ته ناسیۆنالیسته‌کان و تێڕوانینى به‌دیهاتنى ئازادى و سه‌ربه‌خۆیى وڵاتێک له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌ت گه‌نده‌ڵ و بێ‌پایه ده‌بێت. بۆ ئازادکردنى وڵاتیک پێویست به ده‌وڵه‌ت نیه. ئازادى وڵاتێک راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ژیانى ئازاد و دیموکراتیکى ئه‌و گه‌له له په‌یوه‌ندیدایه. له داهاتوودا سنووره‌کان له ئه‌وروپادا هه‌ڵده‌گیردرێت، به‌ڵام له‌ناوچوونى سنووره‌کان به واتاى له‌ناوچوونى ئازادى گه‌لانى ئه‌و وڵاته یاخود ژیانى دیموکراتیکى ئه‌وان نیه. به پێچه‌وانه‌وه، سنووره‌کانى ده‌وڵه‌ت بێ‌که‌ڵک ماون و قووڵکردنه‌وه‌ى ئه‌م زهنییه‌ته و قبوڵاندنى به ته‌واوى کۆمه‌ڵگاکان، گه‌شه‌سه‌ندنى زیاترى رامانى ئازادى و دیموکراسى له‌گه‌ڵ خۆى ده‌هێنێت. یاخود ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ له ئه‌وروپادا سنووره‌کان هه‌ڵده‌گیردرێن، له‌به‌ر په‌ره‌سه‌ندنى رامانى ئازادى و دیموکراسییه. ئه‌م راستییه نیشان ده‌دات که ئۆتۆنۆمى دیموکراتیک یاخود کوردستانى ئۆتۆنۆم و دیموکراتیک، له بنه‌مادا وه‌ک ده‌ربڕینى شه‌فافى قووڵکردنه‌وه‌ى بیرى ئازادى و دیموکراسى و تێڕوانینى برایه‌تى گه‌لان ده‌بیندرێت.