چل رۆژه سێوسێنان و قه‌ره‌داخ و سلێمانی و كوردستان سه‌ركرده‌یه‌كیان له‌ده‌ستداوه
سه‌ردار ستار
چل رۆژه سێوسێنان و قه‌ره‌داخ و سلێمانی و كوردستان سه‌ركرده‌یه‌كیان له‌ده‌ستداوه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی دوو سه‌ده‌یه سلێمانی و باشووری كوردستان قوربانی پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، جاران به‌ته‌نها بوون، به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ سلێمانی و هه‌ولێر، دێرسیم و ئامه‌د، قامشلو و عه‌فرین، مهاباد و كرمانشانیش گیانی خۆیان فیدا ده‌كه‌ن. له‌گه‌ڵ شه‌هید هه‌ڵمه‌ت دوو لاوی شۆڕشگێڕ و ئاپۆچی باكووری كوردستان، ده‌وران و شاهینیش شه‌هید بوون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی شۆڕشی په‌كه‌كه شۆڕشی ته‌واوی كوردستانه به‌بێ جیاوازی، بۆیه‌ش سه‌رله‌به‌ری كوردستان پێكه‌وه له‌ناو كه‌شتیه‌كدایه یه‌ك چاره‌نووس به‌ره‌و ئامانج ده‌ڕوات.
ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر 200 ساڵه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك دوژمنایه‌تی نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌كات، له‌پێناو سڕینه‌وه‌و نه‌هێشتنی له‌سه‌ر رووی زه‌وی، هه‌موو جۆره چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیه‌كی به‌كارهێناوه‌و به‌ئاگر و ئاسن به‌ربۆته گیانی كوردان. ئه‌مڕۆش دوژمنایه‌تیه‌كه‌ی زیاترقوڵ كردۆته‌وه.
شۆڕشی كوردستان به رابه‌رایه‌تی رێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه، له چل ساڵ زیاتری تێكۆشاندا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زیاتر له چل هه‌زار شه‌هیدی پێشكه‌ش كردوه‌و، چوار هه‌زار گوندی لێ وێران كراوه‌و، به‌سه‌دان هه‌زار كه‌سی كه‌وتۆته زیندانه‌كان و به ده‌هه‌زاران له‌سه‌ر ئاو و خاكی خۆی ئاواره بووه، ئه‌وانه هه‌موویان شتێكیان سه‌لماند ئه‌ویش گه‌لی كورد ناتوێته‌وه‌و له‌ناو ناچێ و له‌پێناو گه‌یشتن به‌سه‌ركه‌وتن ئاماده‌یه به‌رده‌وام تێكۆشان بكا، لاوانی ئاپۆچیش به‌رده‌وام بۆ خزمه‌ت و قوربانیدان گیان له‌سه‌ر ده‌ست وه‌ستاون.
زۆر به‌ڕاشكاوانه له 30 ساڵی رابردوودا رێبه‌ر ئاپۆ نیازی خۆی بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه ئاشكرا كردوه، له‌و پێناوه‌ش تا ئێستا نۆ جار یه‌ك لایه‌نه ئاگربه‌ستی راگه‌یاندوه، دوو جار هێزه‌كانی له باكوور كشاندۆته‌وه، ده‌یان پرۆژه‌و گه‌ڵاڵه‌نامه‌ی پێشكه‌ش كردوه، دواینیشیان ده‌قی به‌ڵگه‌ی لێكتێگه‌یشتن"متابه‌قات" بوو كه له 28شوباتی 2015 له كۆشكی دۆڵمه باخچه (ئه‌نقه‌ره) خوێندرایه‌وه.
ده‌وڵه‌تی ئه‌ردۆغان – باخچه‌لی كه‌له 24ی ته‌موزی 2015 هێرشیان كرده سه‌ر هه‌موو ده‌ستكه‌وتێكی شۆڕشی كوردستان و به‌تایبه‌تیش گه‌ریلا كه تاكه هێزی پاراستنی گه‌لانی كوردستانه. له‌پێناو ئه‌وه‌ی وه‌ك پڵنگه‌كانی تامیل گورزێكی كه‌مه‌ر شكێنیان لێبده‌ن و رووبه‌ڕووی شكستیان بكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌مه‌ش به‌هاوكاری هێزه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان نوێترین چه‌ك و كه‌رسته‌ی جه‌نگی به‌كارده‌هێنن، به‌تایبه‌تیش ئه‌م شه‌ڕه‌ی له‌م چوار ساڵه‌دا ده‌وڵه‌تی تورك به‌هاوكاری ئه‌مریكا و زلهێزه‌كان له‌دژی شۆڕشی كوردستان به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، تائێستا له‌به‌رامبه‌ر هیچ ده‌وڵه‌تێك له رۆژهه‌ڵاتی ناوین نه‌كراوه. ئێمه‌ی كورد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌شه‌ڕێكی زۆر نابه‌رابه‌رداین، به‌ڵام هیچ كاتێك فێرنه‌بووین بپاڕێنه‌وه‌و، هاوار و فیغان بكه‌ین. فێریش نه‌بووینه سه‌نگه‌ری به‌رگری به‌ربده‌ین و ژیانی ئاواره‌یی و سه‌رگه‌ردانی په‌سند بكه‌ین.
له 6ی 10ی 2018 زلهێزه جیهانیه‌كان به‌پێشه‌نگایه‌تی ئه‌مریكا هێرش و پیلانگێڕیه‌كانیان له‌سه‌ر سه‌ركرده و كادیرانی پێشه‌نگی بزووتنه‌وه‌ی ئازادی چڕ كرده‌وه‌و خه‌ڵاتیشیان بۆ سه‌ری سێ هه‌ڤاڵ"جه‌میل بایك، دوران كه‌ڵكان و موراد قه‌ره‌یلان" دانا، له‌بنه‌ڕه‌تدا هێرشێكی نوێبوو بۆ سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی كوردستان، له‌وكاته‌وه تا ئێستا چه‌ندین شه‌هیدی وه‌ك هه‌ڤاڵ زه‌كی شه‌نگالی و ئاته‌كان ماهیر و سینانێ سۆر و چه‌ندین فه‌رمانده‌ی فه‌رمانداریه‌تی هه‌په‌گه بوونه‌ته قوربانی. دواینیشیان شه‌هید هه‌ڵمه‌ت و هه‌ڤاڵانی بوون.
دوژمن چه‌نده‌ی به‌هێزبێ و هێرشه‌كانیشیان چه‌نده چڕبن ناتوانن كاریگه‌ریه‌كی ئه‌وتۆ بكه‌ن، ئه‌گه‌ر بێت‌و له زه‌مینیه‌وه نۆكه‌ر و خۆفرۆش چاوساغیان بۆ نه‌كه‌ن. كورد گووته‌نی ”دار كرمی له‌خۆی نه‌بێ ته‌مه‌نی هه‌زار ساڵه” ، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه به‌درێژای ته‌مه‌نی مێژوو، به‌تایبه‌تیش له سه‌رده‌می مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داریدا له به‌ر لاوازبوونی پێوانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و وڵاتپارێزی، خۆفرۆشتن و نۆكه‌رایه‌تی بۆ داگیركه‌ر و زلهێزه‌كان بۆته پیشه‌ی هه‌ندێك مرۆڤی نه‌فس نزم و بێ خیره‌ت و داشۆراو له شه‌ره‌ف و ناموس. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وانه‌ش له زه‌بری شۆڕش رزگاریان نابێ، له‌ناو گۆڕیشدا بن ده‌رده‌خرێن و باجی هه‌موو خیانه‌ته‌كانیان لێده‌سه‌ندرێته‌وه.
شه‌هید هه‌ڵمه‌ت 25 ساڵ تێكۆشانێكی پڕاوپڕ له ره‌نج و ماندوبوونی پێشكه‌ش كرد، هه‌رگیز نه‌یگوت ناتوانم، نه‌یگوت ماندوبوومه، هیچ حیسابێكیشی بۆ دوژمن و نۆكه‌رانی نه‌كرد. به‌ئیراده‌یه‌كی پۆڵايینه‌وه له سه‌نگه‌ری گه‌ل و وڵاتدابوو، ئاماده‌ی هیچ پاداشتێكیش نه‌بوو. له‌هه‌موو ئاسته‌كانی رێكخستندا كاری كرد. 20 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بوو كاتێك ئاشنای هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌ت بووم، خۆی له یه‌كێك له بنكه‌كانی مه‌شق و راهێنانی شه‌ڕڤانانی نوێ‌دا فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌یه‌ك بوو، پێشتر له باره‌گای رێكخستنی سلێمانییه‌وه وه‌ك به‌رپرسیارێك ده‌ستی به خه‌باتی جه‌ماوه‌ری كرد. هه‌ڤاڵی شه‌هید شه‌وی خسته سه‌ر رۆژ و ملی دا به‌ر سه‌ركه‌وتن به رێگا هه‌وراز و نشێوه‌كاندا. نه به دیل گیرانی رێبه‌ر ئاپۆ بێ هیوای كرد، نه‌هێرش و خیانه‌ت و هه‌وڵه پاكتاوخوازییه‌كانی عوسمان ئۆجالان و نیزامه‌دین تاش ساردیان كرده‌وه، نه هێرش و په‌لاماره‌كانی ساڵانی دوایش ترساندیان، وه‌ك دار به‌ڕووێكی چیاكانی قه‌ره‌داخ، له قه‌ندیل و خنێره و خواكورك و گاره و زاپ و حه‌فتانین ره‌گی به‌رخودانی داكوتابوو.
هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌ت له‌ناخی دڵ و له كانگای هزری خۆیدا بۆ هه‌میشه له‌گه‌ڵ رێبه‌ر ئاپۆ ده‌ژیا، هه‌وڵیده‌دا وه‌ك هه‌ڤاڵێكی كامڵ و پێگه‌یشتوو بتوانێ خاوه‌نداریه‌تی بكا له‌و ره‌نج و ماندوبوونه‌ی رێبه‌ر ئاپۆ له‌به‌ری دابووی. ئه‌مه‌ش وای كرد ده‌ست به لێكۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچوونی مێژووبكا، تاكو له قوڵای مێژوودا له‌گه‌ڵ رێبه‌ر ئاپۆ یه‌ك بگرێته‌وه‌و ده‌زووه ریشاڵه‌كانی مێژوو بهۆنێته‌وه‌و پێشكه‌شی مرۆڤایه‌تی بكاته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌ت 46 ساڵ ته‌مه‌نی بوو، به‌ڵام پاشخانی هزری بۆ 25 هه‌زار ساڵ شۆڕببووه‌وه، هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌ت له ناواخنی ته‌مه‌نی مرۆڤایه‌تیدا ده‌ژیا.هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌ت باوه‌ڕی ته‌واوی به‌و وته‌ی رێبه‌ر ئاپۆ هه‌بوو كه ده‌ڵێت" مرۆڤ گه‌ردوونێكی بچووكه "، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش رۆژانه كه‌سایه‌تی خۆی بونیاد ده‌نایه‌وه، له‌هه‌موو بواره‌كانی ژیان له ناو هه‌ڵمه‌ت دابوو، سوودی له‌هه‌موو ساته‌كانی ژیان وه‌رده‌گرت، هه‌وڵی ده‌دا مانا بداته هه‌موو روداوه‌كانی ده‌وروبه‌ری، تاكو له‌گه‌ڵ حه‌قیقه‌تی رێبه‌ر ئاپۆ ببێته یه‌ك و وه‌حده‌ت و لوجود و به یه‌كگرتنی كه‌سایه‌تی بگات.
خاكی بوون و ساده‌یی له ژیان و گفتوگۆ، ده‌وڵه‌مه‌ندی له ئایدیۆلۆژیا و سیاسه‌ت و رێكخستن، كرۆكی (هه‌ڵمه‌ت)ی پێكده‌هێنا. هیچ هیوا و ئاره‌زووێكی بۆ ژیانی تایبه‌تی نه‌بوو، وه‌ك سۆفیه‌ك به‌رده‌وام له خه‌ڵوه‌تی شۆڕشدا ده‌ژیا. دوای ئه‌وه‌ی رێبه‌ر ئاپۆ گووتی گۆشت خواردن لادانه له ژیانی ئاسای مرۆڤ بوون و مرۆڤ ده‌توانێت به‌بێ گۆشتیش بژی نه‌خواردنیشی مرۆڤ له شه‌ڕه‌نگێزی و سته‌م دوورده‌خاته‌وه‌و واده‌كات له‌گه‌ڵ گه‌ردوون و له‌گه‌ڵ زیندوه‌كان و ئاژه‌ڵه‌كان به‌ئاشتی بژی، بۆیه زیاتر له هه‌شت ساڵ بوو خۆی له‌و جۆره به‌ندایه‌تییه رزگار كردبوو، وه‌ك مرۆڤێكی رووه‌ك خۆر له‌ناو نه‌بوونی و سه‌ختی ژیانی شاخدا به بڕوایه‌كی گه‌وره‌وه به‌رده‌وامی به‌و پره‌نسیپه‌ی ده‌دا.
دوای ئه‌وه‌ی رێبه‌ر ئاپۆ له به‌رگرینامه‌كانیدا به‌درێژی پرسه كه‌لتوری و دابونه‌ریتیه‌كانی روونكرده‌وه‌و هێرشه‌كانی توانه‌وه‌و به‌خۆچوواندن"ئاسیملاسیۆن و ئه‌نتیگراسیۆن"ی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌كانی داگیركه‌ری كوردستان و هێرشی و په‌لاماره‌كانی مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری شیكار كرد و به‌ژینۆسایدی كه‌لتوری و هونه‌ری و دابونه‌ریتی نه‌ته‌وه‌یی به‌ناوكرد، هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌ت به‌تایبه‌تیش له هه‌شت ساڵی رابردوو دا جگه له جلی كوردی هیچ جلی تری نه‌پۆشێ.
هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌ت چ بۆ هه‌ڤاڵان و چ بۆ خانه‌واده‌كه‌ی نزیك بوونێكی به هۆشیارانه و كۆكره‌وه‌ی هه‌بوو، راسته خودی خۆی برا گه‌وره‌ی ماڵه‌وه بوو، وه‌ك برا گه‌وره‌یه‌كی كلاسیك و ده‌سپۆت نه‌بوو، واتا له‌به‌ر برا گه‌وره‌ی نه‌بوو كه برا و خوشكه‌كانی گوێیان لێڕاده‌گرت، به‌ڵكو له‌به‌ر تایبه‌تمه‌ندی دڵنزمی و خاوه‌ندارێتیكردنییه‌وه بوو، له هه‌مانكاتدا هه‌وڵیده‌دا هه‌ر یه‌كێك له ئه‌ندامانی خانه‌واده‌كه‌ی خاوه‌نی ئیراده‌ی خۆیان بن، ئه‌مه‌ش وای كردبوو ته‌واوی خانه‌واده‌كه‌یان هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌ت به‌پشتیوانێكی خۆیان ببینن. هه‌روه‌ها بنه‌ماڵه‌كه‌یان به‌گشتی هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌تیان به بیرمه‌ند و راوێژكارێكی خۆیان ده‌بینی و پێوانه‌ی خانه‌واده‌یه‌كی كۆمیناڵ و دیموكراتی جێبه‌جێ ده‌كرد.
گوێگرتن له خه‌ڵك و هه‌ڤاڵان هه‌رگیز هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌تی ماندوو و وه‌ڕه‌س نه‌ده‌كرد، بۆ چه‌ندین سات گوێی بۆ راده‌دێراین، دواتر زۆر به‌ساده‌ییش ده‌یگووت منیش ده‌توانم هه‌ندێك قسه بكه‌م... ماندوو نه‌ده‌بوو له به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ماڵی هه‌ڤاڵانی شه‌هید و دۆستان و ئه‌ندامانی رێكخستن و خه‌ڵكی وڵاتپارێز، له‌لای ئه‌و (با بچین پیاسه‌یه‌ك بكه‌ین)، واتای (بابچینه سه‌ردانی دۆستان و خانه‌واده‌ی شه‌هیدان) بوو، زۆر به خوڵق و ئاره‌زووه‌وه ده‌چوو بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی خانه‌واده‌كان، چونكه ئه‌مه‌ی به ئه‌ركێكی شۆڕشگێڕانه ده‌زانی و زۆر ئاسووده‌ش ده‌بوو.
به‌شی (فیزیا)ی له زانكۆی هه‌ولێر ته‌واو كردبوو، ماوه‌یه‌كی كورتیش پیشه‌ی مامۆستایه‌تی كردبوو، له‌سه‌رده‌مانی منداڵیش دا بۆ ماوه‌یه‌ك له حوجره‌ی فه‌قێیایه‌تی خوێندبووی، له‌ناو شۆڕشدا هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌ت خۆی گه‌یاند به ئاستی مامۆستای خه‌ڵك و رێكخستن و هه‌ڤاڵانی، له‌لایه‌كیتریش خوێندكارێكی باش و به‌سه‌لیقه‌بوو، زۆرترین تێبینی و لێكۆلینه‌وه‌ی له‌كاتی بینینی خولی په‌روه‌رده‌كاندا ده‌رده‌بڕی.
هه‌ر له‌بواری په‌روه‌رده‌وه هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌ت بونیادنه‌ری هه‌ردوو ئه‌كادیمیای شه‌هید د.سیروان و شه‌هید زێره‌ڤان بوو. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه به‌سه‌دان لاوی په‌روه‌رده كرد له كچان و كوڕان. به‌بێ جیاوازی له‌هه‌موو ئه‌كادیمیا و ناوه‌نده‌كانی په‌روه‌رده وانه‌ی ده‌گووته‌وه‌و هه‌ڤاڵانی بۆ تێكۆشان ئاماده ده‌كرد ، ئه‌وه‌ی وانه‌ی لای هه‌ڤاڵ بینیبێ بێگومان به‌دڵخۆشی و حه‌زێكی زۆره‌وه به‌پیر وانه‌كاندا چووه‌و فێربووه چۆن به‌دواداچوون بكات له خه‌باتی په‌روه‌رده‌و چۆنیه‌تی خۆپێشخستن.
هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌ت هه‌وڵێكی زۆری ده‌دا تاكو گه‌نجان جارێكی‌تر ئاوێزانی كه‌لتور و ژیانی نه‌ته‌وه‌یی ببنه‌وه‌و دووركه‌ونه‌وه له خوه‌كانی شه‌ڕی تایبه‌تی داگیركه‌ران و مۆدێرینیته‌ی سه‌رمایه‌داری. رۆحی شۆڕشگێڕێتی له گه‌نجانی وڵات به‌گه‌رمی بهێڵێته‌وه‌و رێگربێ له كۆچی گه‌نجان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و خزمه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی كردبووه بنه‌مای فه‌لسه‌فه‌ی تێكۆشانی خۆی. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش مانیفستۆی گه‌نجانی باشووری له‌قه‌ڵه‌م گرت و شاكارێكی به‌پێزی تری پێشكه‌شی مێژوو كرد.
ته‌مه‌نی خۆی له‌پێناو كوردستانێكی ئازاد و دیموكرات پێشكه‌شكرد، ماوه‌یه‌كیش ئه‌ندامی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان بوو و خه‌باتێكی بێ پسانه‌وه‌ی كرد له‌پێناو یه‌كریزی نه‌ته‌وه‌یی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانی تریش له‌هه‌وڵی به‌رده‌وامدابوو، به‌تایبه‌ت ده‌یویست په‌یوه‌ندی هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌یی كورد عه‌ره‌ب په‌یت و پته‌و بكات، چونكه باوه‌ڕی وابوو به‌بێ عێراقێكی دیموكرات، باشووری كوردستانێكی ئازاد و ئارام و جێگیر به‌دی نایه‌ت، بۆ ئه‌مه‌ش له‌په‌راوێزی ئه‌م ئامانجه‌شی دا له هه‌وڵێكی به‌رده‌وامدا بوو له‌گه‌ڵ رێكخستنه عێراقییه‌كان. هه‌روه‌ها له ئه‌نقه‌ره‌ش به په‌یامی ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانی دیموكراتییانه‌ی به‌شداری له كۆنگره‌ی هه‌ده‌په كرد. بۆ هه‌مان مه‌به‌ست شۆڕشی رۆژئاوا‌و باكووری سوریای به‌سه‌ركرده‌وه‌و بیروڕاكانی له‌سه‌ر چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه مێژوویی و هه‌نووكه‌ییه‌كانیان و یه‌كریزی نێوماڵی كورد و شێوازی نزیكایه‌تی و رێكه‌وتنی گه‌لانی سوریایی پێشكه‌ش كرد. به‌هه‌مانشێوه‌ش له‌پێناو ئه‌وه‌ی گه‌لی كورد و گه‌لانی ئێران پێكه‌وه تێكۆشانی ئێرانێكی دیموكرات و كوردستانێكی ئازاد به‌ڕێوه‌ببه‌ن و تێكۆشانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له ئاواره‌یی رزگاری ببێ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵان و رێكخستنه‌كانی رۆژهه‌ڵاتیش له‌په‌یوه‌ندی دابوو.
له خه‌باتی گه‌ریلایداو له خه‌باتی جڤاكی و سیاسیش‌دا هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌ت وه‌ك گه‌ریلایه‌ك ده‌ژیا و وه‌ك گه‌ریلایه‌ك تێده‌كۆشا، ئه‌وكاتانه‌ی خه‌باتی له‌شكری و گه‌ریلایشی به‌ڕێوه‌ده‌برد، به‌هه‌موو وریایی و هه‌ستیاریه‌كه‌وه خاوه‌ن رێوشوێنی تایبه‌ت به‌خۆی بوو، دوژمنی باش ده‌ناسی بۆ ئه‌مه‌ش نه‌ده‌ترسا، به‌ڵام به‌ئاگاداریه‌وه ئه‌رك و كاره‌كانی راده‌په‌ڕند، من لام سه‌یربوو كاتێك هه‌واڵی شه‌هیدبوونیم بیست، چونكه وریایی و ته‌دبیره‌كانی له‌وه زیاتربوون دوژمن زه‌فه‌ری پێببا، بۆیه ئه‌گه‌ر ده‌ستێكی ناوخۆی له خائین خۆفرۆش نه‌بێ، دوژمن نه‌یده‌توانی تاڵه موێكیش له‌گیانی بكاته‌وه.
سه‌ره‌تا وه‌ك ئه‌مانه‌تێكی سه‌رۆك ئاپۆ نزیكی خه‌باتی ژنان و رێكخستنی ژنان ده‌بوو، دوای ئه‌وه‌ی رێبه‌ر ئاپۆ قوڵبوونه‌وه‌ی زیاتری بۆ هێلی ئازادی ژن كرد و جیهانبینی و فه‌لسه‌فه‌ی په‌كه‌كه‌ی له میحوه‌ری ژن‌دا دانا، لێره‌وه هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌ت پێداچوونه‌وه‌یه‌كی گشتگیر بۆ تێڕوانینه‌كانی بكات و كه‌سایه‌تی خۆی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه بونیاد بنێته‌وه، هێزو ئیراده‌یه‌كی گه‌وره له تێكۆشانی ئازادی ژنان وه‌ربگرێت و كه‌سایه‌تی پیاوی كلاسیك و نه‌ریتی له‌خۆیدا بكوژێ و پێوه‌ره‌كانی پیاوێكی ئازاد و دیموكرات و سۆسیالیست به‌رجه‌سته بكات. ساڵی 2004 ژنێك ده‌یویست له‌شۆڕشی دوور بخاته‌وه‌و به‌ناوی خۆشه‌ویستی و ژیانی نه‌ریتی و وه‌ك پیاوێكی كلاسیك هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ بكات، یه‌ك راست وه‌ڵامی دابووه‌و گووتبووی "من ئه‌و پیاوه‌نیم ئه‌وه‌ی تۆ بۆی ده‌گه‌ڕێیت، ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێ هه‌ڤاڵایه‌تی من بكه‌ی ئه‌وا به‌رده‌وامبه له شۆڕش و تێكۆشان".
له‌پێناو گه‌یشتنی جڤاكی ئێزیدی به بونیادنان و پته‌وكردنی رێكخستنی دیموكراتیانه‌ی خۆی، له‌دوای رووخانی رژێمی به‌عس به‌رده‌وام هاوكار و پشتیوانی شه‌هید مام زه‌كی و سه‌رحه‌د ئه‌مانۆس و فه‌رهاد كۆچه‌ر و خه‌باتكار و دۆستانی ئێزیدی بوو تاكو جڤاكی ئێزیدی بتوانێت هێزو ئیراده‌ی رێكخستنی خۆی دروست بكه‌ن و ئێزیدیه‌كان له فه‌رمان و كۆمه‌ڵكوژی رزگاری ببێت، له‌دوای هێرش و په‌لاماره‌كانی چه‌ته‌كانی داعش له سه‌ره‌تای ئابی 2014 و راكردنی هێزه‌كانی پ د ك/ عێراق له شه‌نگال و دوای ئه‌وه‌ی هه‌زاران كه‌سیان ته‌ركی مه‌رگ كرد، هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌ت هه‌موو تواناكانی له پێناو به‌جێبوونی هێزه‌كانی به‌رخودانی شه‌نگال "یه‌به‌شه و یه‌ژه‌شه" و سه‌ركه‌وتنی پرۆژه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموكراتیانه‌ی شه‌نگال خسته گه‌ڕ، باشترین كادیر و زۆرترین لێكۆڵینه‌وه‌ی پێشكه‌ش ده‌كردن تاكو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدی بتوانێ به هێزی خۆی بژی و خۆیان بڕیارده‌ر و پارێزگاری خۆیان بن و جارێكی‌تر هیچ هێزێك نه‌توانێ دووچاری قڕكردن و فه‌رمانیان بكاته‌وه.
ته‌واوی گه‌لی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی ئازادی و خه‌ڵكی وڵاتپارێز و نیشتمانپه‌روه‌ر له‌ناوه‌و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان پرسه‌یان راگه‌یاند و خاوه‌ندارتیان له شه‌هید هه‌ڵمه‌ت كرد، هێزه‌كانی پاراستنی كوردستان هه‌په‌گه و یه‌ژه‌ئاستاریش به هه‌ڵمه‌تی گه‌ریلای و هێرشی تۆڵه كردنه‌وه چه‌ندین گورزیان له دوژمن وه‌شاند و به‌ده‌یان سه‌رباز و فه‌رمانده‌ی دوژمنیان كوشت. زۆربه‌ی پارت و لایه‌نه سیاسیه‌كانی كوردستان، رۆژنامه نووسان، هه‌رێمی خۆبه‌ڕیوه‌به‌ری رۆژئاوای كوردستان، به‌شداریان له‌پرسه‌ی شه‌هید كرد و له‌ده‌ستدانی شه‌هید هه‌ڵمه‌تیان به كۆستێكی نه‌ته‌وه‌یی راگه‌یاند.
ته‌نها لایه‌نێك له‌كوردستان كه به وشه‌یه‌كیش پرسه و سه‌رخۆشی نیشاننه‌دا ئه‌ویش سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت و هه‌رێمی كوردستان بوون، كه شه‌هید هه‌ڵمه‌ت 25 ساڵ بوو خزمه‌تی بۆ ده‌كرد، ته‌نانه‌ت خودی سه‌رۆكی ئێستای هه‌رێمیش له چه‌ندین بۆنه‌دا له‌گه‌ڵ شه‌هید هه‌ڵمه‌ت دانیشتوه‌و هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌تیش به‌رده‌وام پێی راگه‌یاندوه كه پشتیوانی كاره باشه‌كانی ده‌كه‌ین، و ره‌خنه‌ش له كه‌موكوڕیه‌كانی ده‌گرین، پێی گوتبوو كه ئێمه ئۆپۆزیسیۆنی كلاسیك و ناو په‌رله‌مان نین به‌هه‌مووشتێك بڵێین ره‌ش، خاوه‌ن ئیراده‌ی خۆمانین و ده‌زانین باشه و خراپه چیه. خودی سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێمیش سه‌باره‌ت به پیرۆزبایی ساڵوه‌گه‌ڕی پارته‌كه‌یان په‌یامی سوپاس گوزاری بۆ هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌ت ناردبوو كاتێك هاوسه‌رۆكی پارتی چاره‌سه‌ری بوو. له‌وانه‌یه بۆ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی ئێستا گله‌یه‌كمان نه‌بێ، چونكه ئه‌و به‌ڕێزه له كوردستان كاروخه‌باتێكی ئه‌وتۆی نه‌كردوه‌و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كوڕی سه‌رۆكی هه‌رێمی رابردووه بۆیه ئه‌و پۆسته‌ی پێبڕاوه، دیسانیش پێویسته ئه‌و به‌ڕێزه بزانێت مرۆڤه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیه‌كان له‌سه‌رووی هه‌موو حیسابێكی سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی و حیزبییه‌وه‌ن. بۆیه ده‌بوایه ده‌سه‌ڵاتی پسمامان له هه‌رێمی ئه‌وانیش وه‌ك هێزه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یه‌كان هه‌ڵوێستێكی شایسته‌ی تێكۆشان و خه‌باتی هه‌ڤاڵی شه‌هیدیان پیشان بدایه، چونكه هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌ت ته‌نها له‌لایه‌نێكی سیاسی نه‌چووه، به‌ڵكو له نه‌ته‌وه‌یه‌ك چووه.
عوسمان كۆسه وه‌ك به‌رپرسیاری میت له باشووری كوردستان، دوای ده‌ستگیركردنی هه‌ردوو به‌رسیاره‌كه‌ی پێشوو له‌لایه‌ن تیمی تۆڵه‌سێنی ساكینه جانسز، له هاوینی 2017 ئه‌ركدار كراوه، تاكو پیلاندابنێ بۆ گورز لێدان له سه‌ركرده‌كانی شۆڕشی كوردستان، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن راگه‌یاندنه ئه‌مریكایه‌كان پشتڕاست كرایه‌وه، واتا كارمه‌ندی كۆنسوڵخانه‌ی هه‌ولێر نه‌بووه، ئه‌گه‌ر كارمه‌ندیشبێ بۆچی ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی پسمامان ئه‌وه‌نده به‌خه‌می به‌رپرسیارێكی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی ئه‌ردۆغان و – باخچه‌لی بن كه رۆژانه وه‌ك زوحاكی سه‌رده‌م مێشكی به‌ده‌یان گه‌نج و لاوی كورد ده‌خۆن، ئه‌گه‌ر چه‌ند گه‌نجێك بیانه‌وێت له تۆڵه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژیانه‌دا چالاكیه‌كی بچوك بكه‌ن ئه‌وا هیچ له بابه‌ته‌كه ناگۆڕێت. ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم ئه‌و كه‌سه‌یان به ئه‌ندام په‌رله‌مان له‌سه‌ر لیستی پ.د.ك خه‌ڵات كرد كه له گوندی به‌رمیزه‌ی سیده‌كان خوانی تایبه‌ت و دڵسۆزانه‌ی بۆ ئه‌فسه‌ره ده‌ست و ده‌مخوێناوییه‌كانی سوپای توركی داگیركه‌ر ئاماده‌كرد و شانبه‌شانی پیاوانی پ.د.ك وێنه‌ی یادگاریان گرت و سنوره‌كانی برادۆستیان داگیر‌كرد، ئه‌و برادۆستیانه‌تان خه‌ڵات كرد‌و له لیستی پ د ك/عێراق كردنتان به ئه‌ندام په‌رله‌مان، به‌ڵام ئه‌و برادۆستیانه‌ی تۆزێك خیره‌ت و ناموسیان هه‌بووه و ملیان بۆ نۆكه‌ری و خۆفرۆشی نه‌ناوه به‌تۆمه‌تی سه‌یر و نابه‌جێ ده‌ستگیرتان كردوون و وه‌ك تاوانبار پیشانی رای گشتیان ده‌ده‌ن، ئه‌مه شه‌رمێكی گه‌وره‌یه، پێویسته ده‌سه‌ڵاتی پسمامان له‌و هه‌ڵوێسته نانه‌ته‌وه‌یه بگه‌ڕێته‌وه، له‌ساڵێكدا دوو بویه‌ری نیشتمانی به گێره‌شێوێن و تێكدانی ئارامی هه‌رێم پیشانده‌ده‌ن، خۆپیشاندانی خه‌ڵكی شێلادزێ و كوشتنی به‌رپرسێكی میت، له راستیدا هاوكاریه‌كانی ئێوه‌و ئه‌ندامه‌كانتان بوونه‌ته هۆكار بۆ ئه‌وه‌ی هێزه سه‌ربازیه‌كانی دوژمن له هه‌رێم ته‌راتێن بكه‌ن و له‌گه‌ڵ ده‌زگا هه‌واڵگریه‌كانیشیان پیلانی له‌ناوبردنی شۆڕشگێڕان و خه‌ڵكی وڵاتپارێز دابنێن، ئه‌گه‌ر وانیه بێزه‌حمه‌ت چه‌ند خۆفرۆش و خائینێك بكه‌ن به نموونه و به‌زه‌بری هێز و به‌قامچی به‌ری چاویان شین و مۆربكه‌ن.
گه‌لی كوردستان و شۆڕشه‌كه‌ی به له‌ده‌ستدانی شه‌هید هه‌ڵمه‌ت كۆستێكی بۆ دروست بووه‌و زامێكه به‌ئاسانی ساڕێژنابێ، به‌ڵام ئه‌و شۆڕشه‌ی شه‌هید هه‌ڵمه‌ت و هه‌ر شه‌هیدێكی سه‌ركرده‌و پێشه‌نگی كردۆته هێز بۆ هه‌ڵمه‌ت و قه‌ڵه‌مبازێكی نوێ، هه‌روه‌ها تۆڵه‌ی خۆشی به‌چه‌ند قات ده‌كاته‌وه، چونكه ئه‌و شۆڕش و تێكۆشانه به‌قه‌رز له‌كه‌س نه‌ترساوه، له‌پێناو ئه‌وه‌ی خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و گه‌له‌كه‌مان ئارام بن، ده‌ڵێین پێكه‌وه ده‌ست له‌ناو ده‌ست له‌پێناو به‌رز راگرتنی بیره‌وه‌ری شه‌هید هه‌ڵمه‌ت و ته‌واوی شه‌هیدانی كوردستان، هه‌مانكات پێكه‌وه تێكۆشان له‌پێناو ریشه‌كێش كردنی خۆفرۆش و نۆكه‌ر و داگیركه‌ران له كوردستان. بۆیه له‌كۆتایدا ده‌ڵێین له‌گه‌ڵ (شه‌هید هه‌ڵمه‌ت) ژیاین و ده‌ژین، له‌گه‌ڵ (شه‌هید هه‌ڵمه‌ت) تێكۆشان ده‌كه‌ین و سه‌رده‌كه‌وین.
8/8/2019