"له ترسى خوداوه ئێمه دیندارى ناکه‌ین، به‌ڵکو له خۆشه‌ویستیمانه‌وه‌یه بۆ خودا..."
بابه‌تی تایبه‌ت
ئایین و باوه‌ڕى یارسان و پاراستنى کلتورى نه‌ته‌وایه‌تى
1/ کلتورى یارسانه‌کان ده‌رباره‌ى ئایینه‌کانى تر. له‌م باره‌یه‌وه شێخ ئه‌میر له په‌رتوکى سه‌ره‌نجامدا ئه‌فه‌رموێت:
ئه‌گه‌ر ئایین وێت وه خاس مه‌زانى
وه ئایین که‌س وه که‌م نه‌وانى
ده‌ست و دڵى خۆت بکه‌ره شه‌ره
هه‌ر کارێ به‌ده ئانه مه‌که‌ره
واته: هه‌ر که‌س ئایینى خۆى به باش بزانێ، به که‌م ته‌ماشاى ئایینى تر ناکات، ده‌بێ ده‌ست و دڵى خۆمان بکه‌ینه سه‌رپشک بۆ ئه‌وه‌ى له کارى خراپ دوور بین.
ـ هه‌روه‌ها پاراستنى کلتورى به‌رێکردنى جه‌سته‌ى مردوو پاش ئه‌وه‌ى رۆح لێى ئازاد ده‌بێت و سه‌ره‌تاى ژیانێکى نوێ ده‌ست پێده‌کاته‌وه پڕۆسه‌یه‌که پێى ده‌وترێت (جه‌مه‌رانه) کۆچ کردوو ده‌خرێته ناو داره‌ته‌رم و مه‌جێکى ده‌سکردى خۆیانى به‌سه‌ردا ئه‌درێت، له پیش ته‌رمه‌که‌وه چرا به ده‌ستێک ئه‌ڕوات، پاش ئه‌و ته‌رمه‌که، پاش ته‌رمه‌که‌ش تیپى ته‌مبور ژه‌ن و ده‌ف لێده‌ر و شمشاڵ ژه‌ن به ئاوازى تایبه‌ت به‌ره‌و گۆڕستانى ده‌به‌ن.
ـ پڕۆسه‌ى چه‌په و ده‌س: ئه‌م پڕۆسه‌یه له جه‌مدا ئه‌کرێت، جه‌م واته ئه‌نجامدانى خێر، یارسانه‌کان له هه‌ر شوێنێک بن ده‌بێت مانگى جارێک جه‌م بکه‌ن که له لایه‌ن (پیر و مام و باوه) سه‌رپه‌رشتى ده‌کرێت. له کاتى ئه‌نجامدانى جه‌مدا (چه‌پ و ده‌ست) ئه‌کرێت له رێگه‌ى وتنى ئاوازێکى ئایینییه‌وه، به‌شداربوانیش به دوایدا ده‌یڵێنه‌وه.
ـ کلتورى پاراستنى سروشت: دره‌خت له ئایین و باوه‌ڕى یارساندا پێگه‌یه‌کى پیرۆزى هه‌یه و خزمه‌ت ئه‌کرێت و بڕینى دره‌خت چ دره‌خته به‌رداره‌کان یان خۆرسکه‌کان رێ پێ نه‌دراوه.
ـ راگرتنى یادى نه‌ورۆز: نه‌ورۆز جه‌ژنێکى نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانى و ئایینى یارسانه‌کانه، شاخۆشێن له‌باره‌ى نه‌ورۆزه‌وه له په‌رتوکى پیرۆزى سه‌ره‌نجامدا ده‌فه‌رموێت:
مه‌ستیم و که‌ریم دوڕى هه‌مه لالان
نه‌ورۆز ماهێکه باڵاى هه‌مه ماهان
واته: ئێمه په‌یوه‌ستین به رۆژى نه‌ورۆز و ئاگرى نه‌ورۆزه‌وه، وه‌ک دوێ ته‌ماشاى ئه‌که‌ین (دوێ له ئایین و باوه‌ڕى یارساندا واتایه‌کى ئێجگار پیرۆزى هه‌یه).
ـ ته‌مبور و ده‌ف و شمشاڵ و پاراستنى ئاوازى چه‌مه‌رانه و چه‌پ و ده‌س به‌شێکن له کلتورى هونه‌رى ئه‌م ئایینه و ئه‌وه‌نده به پیرۆز ته‌ماشا ده‌کرێن پێش به‌کارهێنانیان ده‌بێت ناوى خۆشه‌ویستى خوا بهێنرێ و ماچیان بکرێت.
سه‌رچاوه‌کانى ژیانیان
به‌پێى په‌رتوکى سه‌ره‌نجامى پیرۆز هه‌موو یارسانیه‌کان ئاگادار ده‌کاته‌وه، که نابێ بیر له ماڵ و سه‌روه‌ت و سامان بکرێته‌وه، به‌ڵکو ده‌بێت ژیانیان به‌رده‌وامى پێ بده‌ن له رێگه‌ى سومبوله جوانه‌کانى یارسانه‌وه، که هه‌موو که‌سێک ره‌چاویان ده‌کات، ئه‌وانیش؛ راستى، پاکى، لێبوردن، به‌خشنده‌ییه. هه‌ر بۆیه په‌یڕه‌وانى ئه‌م ئایینه تا ئێستاش ئاستى ژیانیان مام ناوه‌ندیه و سه‌رچاوه‌ى ژیانیان له سه‌ر کشتوکاڵ، باخدارى، مه‌ڕ و ماڵاته، سودیش له به‌روبومه خۆڕسکه‌کان وه‌رده‌گرن وه‌ک؛ بنێشت، قه‌زوان، چه‌قاله و...
یارسانه‌کان ئێستا له کوێ ده‌ژین؟
به هۆى ده‌ستدرێژى دوژمنان یارسانه‌کان په‌رش و بڵاو بونه‌ته‌وه به‌سه‌ر جوگرافیا جیاوازه‌کاندا. چونکه له بنه‌ڕه‌تدا نه‌یانویستووه کلتورى هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کی تر هه‌ڵگرن و په‌یڕه‌وى بکه‌ن، به شێوه‌یه‌کى گشتى له هه‌ر چوار پارچه‌ى کوردستاندا په‌یڕه‌وانى یارسان هه‌ن، به‌م شێوه‌یه:
1/ رۆژهه‌ڵاتى کوردستان (کرمانشان، که‌ره‌ند، سه‌هنه، قه‌سرى شیرین، ناوچه‌کانى داڵه هۆ).
2/ باشورى کوردستان (هه‌ڵه‌بجه، سلێمانى، که‌رکوک، خانه‌قین، که‌لار، موسڵ)
3/ رۆژئاواى کوردستان (له هه‌موو شاره کوردییه‌کان بونیان هه‌یه، به‌ڵام ژماره‌یان که‌مه.)
4/ باکوری کوردستان (له زۆربه‌ى شاره کوردییه‌کاندا بونیان هه‌یه و ژماره‌یان به شێوه‌یه‌کى به‌رچاو زۆره.)
له هه‌مان کاتدا یارسانه‌کان له لوبنان بونیان هه‌یه و پێیان ده‌وترێت دورزییه‌کان.
ته‌نها له باشورى کوردستاندا ژماره‌یان نزیکه‌ى (192000) که‌سه.
پێگه‌ى یارسانه‌کان له دامه‌زراوه‌کانى باشورى کوردستاندا
د.سه‌یوان عه‌لى ره‌زا هاوارى ده‌ڵێت: یارسان بریتییه له ئایینى خۆشه‌ویستى و له ئایینى ئێمه‌دا له خواترسان نییه، له ترسى خوداوه ئێمه دیندارى ناکه‌ین، به‌ڵکو له خۆشه‌ویستیمانه‌وه‌یه بۆ خودا، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ى ئایینه‌کانى تره که له ترسى خودا دیندارى ده‌که‌ن. ئێمه وا هه‌ست ئه‌که‌ین که خودا ئێمه‌ى مرۆڤى خۆش ئه‌وێت. بۆیه ده‌بێ ئێمه‌ش خۆشه‌ویستیمان بۆى هه‌بێت. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه که به ئایینى ئێمه ده‌وترێت یارسان.
مام وریا براخاس ده‌ڵێت: تا ئێستا ئازادى ئه‌وه‌مان پێ نه‌دراوه له ناسنامه‌ى بارى که‌سێتیمان بنوسرێت (کاکه‌یى)، به‌ڵکو له برى ئه‌وه موسڵمان ده‌نوسرێت، له‌م باره‌یه‌شه‌وه هه‌وڵى زۆر دراوه که ئایین و باوه‌ڕى یارسان له حکومه‌تى هه‌رێمدا به فه‌رمی بناسرێت، به‌ڵام هه‌وڵه‌کان بێ‌سود بوون، له‌به‌ر دوو هۆکار:
1/ ده‌سه‌ڵاتى کوردى ئه‌و پرسه‌ى به جددى وه‌رنه‌گرت.
2/ هه‌ندێ کاکه‌یى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بوون که ئه‌و ناوه بگۆڕدرێت، له خولى پێشووى په‌رله‌مانى عێراقدا دوو په‌رله‌مانتارى کاکه‌یى که حزبى بوون (سیروان کاکه‌یى ـ پارتى، نه‌زاد ساڵح ره‌فعه‌ت ـ یه‌کێتى) شکستیان به‌م هه‌وڵانه هێنا. هه‌رچه‌نده (فه‌له‌که‌دین کاکه‌یى) هه‌وڵى زۆری دا له‌وباره‌یه‌وه به‌ڵام هه‌وڵه‌کان شکست‌خواردوو بوون.
بارودۆخى ئێستاى کاکه‌ییه‌کان له باشورى کوردستان
له‌به‌ر ئه‌وه‌ى که زۆربه‌ى ناوچه کاکه‌یى‌نشینه‌کان که‌وتونه‌ته ناوچه دابڕاوه‌کانه‌وه کاکه‌ییه‌کان رۆژانه رووبه‌ڕووى ترس و تۆقاندن و کوشتن و بڕین و ڕفاندن ده‌بنه‌وه له‌لایه‌ن تیرۆرسته‌کانه‌وه. له نمونه‌ى ئه‌و ته‌قینه‌وه خۆکوژییه گه‌وره‌یه‌ى له گوندى وه‌رده‌کى کاکه‌یى‌نشینى سه‌ر به پارێزگاى موسڵ روی دا و زیاتر له (20) ماڵ وێران بوون و زیاتر له (28) که‌س گیانیان به‌خت کرد. هه‌روه‌ها له ناوچه‌کانى خانه‌قین و که‌رکوک تا ئێستا زیاتر له (91) که‌سایه‌تى ناسراوى کاکه‌یى تیرۆر کراون.