گرنگترین نرخى مرۆڤبوون چۆنێتى تێکۆشانه بۆ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کى که جگه له مردن شتێکى پێ ره‌وا نه‌بینراوه ...
نه‌جیبه قه‌ره‌داغى
یان له نێوان خو و نه‌ریته‌کانماندا و پێداویستیه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌که‌مان مه‌ودایه‌کى ئاسمانى و رێسمانیان هه‌یه، خوو و نه‌ریته‌کانمان سه‌رتاپاى پڕاوپڕه له چه‌مکى بنده‌ستى، کاریگه‌رى ده‌سه‌ڵاتدارى، به‌ند و داوه‌کانى بنه‌ماڵه. پره‌نسیپى ژیانى کۆمه‌ڵگابوون و هه‌ره‌وه‌زى و بیرى هاوبه‌شى تێیدا قه‌ڵسه، چه‌مکى تاکڕه‌وێتى له کۆمه‌ڵگابوون دووره. خۆبه‌خۆ به کاریگه‌رى سه‌رمایه‌دارى ئه‌و دۆخه قوڵتر و کاریگه‌رى زیاتر بووه. تاکڕه‌وێتى به چه‌مکه رۆژئاواییه‌که‌ى واى له تاک کردوه که دونیاش ئاگرى تێبه‌ر بێ مسقاڵێکیش نه‌ک به‌رپرسیارێتى نیشان نادا، به‌ڵکو نایکاته خه‌مى خۆى. ئه‌و کلتوره که خاڵیه له ویژدان و ئه‌خلاق و مۆڕاڵ به پێشکه‌وتنى ئامێره‌کانى په‌یوه‌ندى زیاتر کاریگه‌رترى نیشان ده‌دات و زیاتر کلتورى تاکڕه‌وێتى بڵاوکردۆته‌وه له‌وه مه‌ترسیدارتر ئه‌وه‌یه که ئه‌و چه‌مکه کاریگه‌رى له که‌سێتى ژن، منداڵان، گه‌نجان، ته‌نانه‌ت پیر و به‌ساڵاچووه‌کانیش بکات، تاکڕه‌وێتى مرۆڤ له مرۆڤبوون ده‌خات له‌به‌رئه‌وه که مرۆڤبوون و نه‌بوون په‌یوه‌سته به چه‌مکى کۆمه‌ڵگابوون و نه‌بوونى تاکه‌وه. به‌پێى خو و نه‌ریته‌کانمان چه‌رخى ژیان له قۆناغى له‌دایکبوون، گه‌وره‌بوون، خوێندن له خوێندنگاکانى ده‌وڵه‌ت، هاوسه‌گیرى، وه‌ک ماکینه‌ى دروستکردنى منداڵ و به‌خێوکردنیان و له دواییشدا مردنه، ئه‌مه قه‌به‌ترین کلێشه و به چه‌ند وشه ئه‌و خولى سوڕانه‌وه‌یه‌ى ژیان و مردنه که له زهنى هه‌موو تاکێک دایه. به‌ڵام له‌م چه‌رخى ژیان و خولى سوڕانى ژیانه‌دا نه ژیان واتاى هه‌یه و نه مردن. نه‌خاسمه کاتێ کورد بێت، واوه‌تریش کاتێ ژن بیت ئه‌و خولى سوڕانى ژیانه هیچ واتایه‌کى نیه. نه‌ک ته‌نیا ژیان بێ واتایه، به‌ڵکو بێ ئه‌وه‌ى درکى پێ بکه‌ى و به‌ئاگا بى تۆ ده‌بیته باشترین ئامێرى ده‌سه‌ڵاتدارى و سه‌رمایه‌دارى. ئێمه له خاڵى سفر ده‌ست پێ ناکه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ى ژیان واتادار ببێ که‌م نین ئه‌و قوربانیانه‌ى له کوردستاندا دراوه له پێناوى ئازادی‌دا و زۆر شێواز و رێبازى گوزاره له‌خۆکردن خوڵقێنرا.
له ژیان و مردن‌دا چه‌مکه‌کانى ویژدان و ئه‌خلاق دوو چه‌مکى ده‌ستلێبه‌رنه‌دراون بۆ مرۆڤبوون، بۆ ؟ ویژدان هه‌بێ مرۆڤێکى کورد، ژنێکى کورد ده‌بێ به بیستنى چیرۆکى (ن.چ) موى هه‌موو جه‌سته‌ى هه‌ستێ و خه‌وى لێ حه‌رام ببێ. ویژدان هه‌بێ مرۆڤ کاتێ ئاماره‌کانى توشبوونى گه‌نجانى کورد له رۆژهه‌ڵاتى کوردستان به ماده‌ى هۆشبه‌ر و به به‌سیج کردنیان ده‌بیستێ ده‌بێ مرۆڤ خوێنى راوه‌ستێ. ویژدان هه‌بێ کاتێ له دیمه‌نى گه‌ریلاکانى کورد که به چه‌کى کیمیایى و ناپاڵم بوونه‌ته سوتمان و قه‌قنه‌ز مرۆڤ ده‌بێ بێ ئاوڕدانه‌وه له دواوه بڕیارى تێکۆشانى بێ وچان بدات. ویژدان هه‌بێ مرۆڤ کاتێ فتواى ئایندارى ساخته‌ى فه‌تحوڵا گویله‌ن ده‌بیستێ که فه‌رمانى کۆمه‌ڵکوژکردنى کورد ده‌دات و بانگه‌وازى بۆ توانه‌وه‌ى نه‌ژادى کۆمه‌ڵگاى کورد ده‌کات له بۆته‌ى سه‌نتێزى تورک ـ ئیسلامدا نه‌ک ته‌نیا له باکور، به‌ڵکو له باشورى کوردستانیش، ده‌بێ هه‌ر ماڵێکى کورد ببێته خوێندنگه‌یه‌ک و ئاکادیمیایه‌ک بۆ په‌روه‌رده‌کردن و پێگه‌یاندنى رۆڵه‌کانى کورد له‌سه‌ر کلتور، زمان و مێژووى کورد. بۆ ئه‌وه‌ى رێ له ژه‌هربارانه‌ى فه‌تحوڵاییه‌کان بگرین له‌سه‌ر مێشک و جه‌سته‌ى منداڵانى کورد ده‌بێ هه‌ر دایک و باوکێکى کورد ببێته مامۆستایه‌ک و په‌روه‌رده‌کارێک نه‌ک ته‌نیا بۆ رۆڵه‌که‌ى خۆى به‌ڵکو بۆ دراوسێى، خزمان و هه‌ر جێیه‌کى لێى ده‌بێت.
ده‌بێ بزانرێ که هێرشى گه‌وره له‌سه‌ر کلتور، زمان و ناسنامه‌ى کورد هه‌یه ئه‌گه‌ر وا بڕوا (20) ساڵى تر نابات زمانى کوردى ته‌نیا وه‌ک لاپه‌ڕه‌یه‌ک له مێژوودا ده‌مێنێته‌وه. پاراستنى کلتور، زمان و ناسنامه‌ى کورد به‌شێکى گرنگى ئه‌رکى ویژدانى و ئه‌خلاقیه که کلتورى کورد رووبه‌ڕووى هێرشێکى زراڤ و بێ ئه‌مانه و به خێراییه‌کى بێ هه‌مپا جینۆساید ده‌کرێ. که‌موکوڕیه‌کى گه‌وره‌ى کۆمه‌ڵگه‌که‌مان ئه‌وه‌یه که ته‌نیا کاتێ هێرشێکى جه‌سته‌یى و گه‌وره‌ى کیمیابارانى دۆڵى تیارى چه‌لێ رووده‌دات کاردانه‌وه نیشان ده‌ده‌ین به هێنده‌ى ده‌بینین ناڕه‌زاییمان هه‌یه، به‌ڵام سه‌دان قات گه‌وره‌تر له‌و هێرشه هه‌یه که نایبینین و زۆر که‌م درکى پێ ده‌که‌ین (له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى که ناڕه‌زاییه‌کان له ئاست کۆمه‌ڵکوژییه‌که‌ى دۆڵى ته‌یاردا قه‌ڵس و لاواز بوو) نه‌خاسمه ئه‌و هه‌موو کۆمه‌ڵکوژییه‌ى تر که رۆژانه کۆمه‌ڵگه‌که‌مان رووبه‌ڕووى ده‌بێته‌وه. رۆژانه به‌ده‌ر له قڕکردنى جه‌سته‌یى قڕکردن له ماڵان‌دا، له دوکان له سه‌ر شه‌قام له جێى کار و له میدیا له به‌رامبه‌ر کۆمه‌ڵگه‌که‌مان و به‌تایبه‌تى له به‌رامبه‌ر ژنى کورد ده‌کرێ، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى که نابینرێ ، نابیسرێ و ناخوازرێ ببینرێ و ببیسترێ هه‌ر شت په‌رده‌پۆش ده‌کرێ. شه‌ڕ و تێکۆشان له به‌رامبه‌ر هه‌موو جۆره قڕکردنه‌کان ئه‌رکێکى ویژدانى و ئه‌خلاقیه، خۆبه‌خۆ تێکۆشانه که مرۆڤ ده‌کات مرۆڤ و ژیان واتادار ده‌کات، گه‌ر وا نه‌بێ ژیان چ واتایه‌کى هه‌یه؟
ویژدان، ئه‌خلاق، رێکخستنبوون هه‌بێ له خاک و ئاوى کوردستان برسێتى، هه‌ژارى و بێ کارى مه‌حاڵه، کاتێ خاک و ئاوى کوردستان ببێته مه‌زراى داگیرکه‌ران و ئه‌سپى خۆیانى لێ تاو بده‌ن ده‌بێ ژنان و گه‌نجان ئه‌و جۆره داگیرکاریانه وه‌ک داگیرکردنى جه‌سته و گیانى خۆیان ببینن، هاخاکه‌که‌یان داگیر کردنین ها جه‌سته‌مان چ جیاوازى هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر وا نه‌بوایه (ن.چ) ده‌ستدرێژى نه‌ده‌کرایه سه‌رى و ده‌ستدرێژى کردنه‌که‌شى وا ره‌وا نه‌ده‌کرا و ده‌ستدرێژکارانیشى وه‌ک به‌رزه‌کى بانان بۆى ده‌رنه‌ده‌چون، ئه‌وه هه‌موو په‌یوه‌سته به ئاستى ئه‌و شۆڕشه‌ى ده‌بێ له ویژداندا هه‌ڵگیرسێنین و ده‌بێ ئه‌و رووداوانه له ده‌مارمان بده‌ن و مه‌حاڵ ببێ مرۆڤ وه‌ک مرۆڤێکى ئاسایى و بێ به‌رپرسیارانه بژى. ئه‌گه‌ر مرۆڤ له رۆحى خۆیدا درک به‌و ناهه‌قیه نه‌کات ناتوانێ بڵێ مر‌ۆڤم. کاتێ مرۆڤ له خۆى بگوزه‌رێ ده‌بێته مرۆڤ نه‌ک نوقمى تاکڕه‌وى ببێ و خۆى بکاته ناوه‌ند و هه‌موو شت بکاته قوربانى خۆی. ئه‌گه‌ر مرۆڤ خۆى بگوزه‌رێ و له خۆیدا کۆمه‌ڵگه‌بوون بئافرێنێ ژیانى واتادار ده‌بێ.
ژیان به نرخ و به‌هاکانى کۆمه‌ڵگه‌بوونه‌وه واتاداره گه‌ر نا له مردن واوه‌تر شتێکى تر نیه. گرنگترین نرخى مرۆڤبوون چۆنێتى تێکۆشانه بۆ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کى که جگه له مردن شتێکى پێ ره‌وا نه‌بینراوه، ژیان له هه‌رێمێکدا که وه‌ک قه‌سابخانه‌ى ژنانى لێ هاتووه و رۆژ نییه ژیان له ژنێک نه‌سه‌نرێته‌وه و سه‌رى نه‌بڕدرێ داخۆ ژیانه؟ یان گه‌وره‌ترین بێ ئابڕویى و تاکڕه‌وێتیه، دوورکه‌وتنه‌وه‌یه له نرخى مرۆڤ بوون، دوورکه‌وتنه‌وه‌یه له‌و نرخ و به‌ها و به‌رپرسیارێتیانه‌ى که گوزاره له کامڵبوونى مرۆڤ ده‌کات.
ژیان جه‌وهه‌رى تێکۆشانه بۆ ئازادى و خستنه‌ژێر پرسیارى خوه‌کانمان بۆ ژیان، ئازادى بێ ناوبه‌ر هه‌وڵدانه بۆ گه‌یشتن به کۆمه‌ڵگه‌بوون که هه‌موو که‌سێ به ره‌نگ، باوه‌ڕى، ئه‌تنیک و ئیراده و ناسنامه‌ى خۆیه‌وه بژى، گه‌یشتنه به سیستمێک که مرۆڤ وه‌ک مرۆڤ ببینێ و رێز له ئیراده‌ى بگیرێ و کۆتایى به کۆمه‌ڵکوژى ره‌ش و سپى بێ. له سه‌روو هه‌موویانه‌وه کۆتایى به کۆمه‌ڵکوژى و داگیرکارى جه‌سته‌ى ژن بێ. کۆتایى به کۆمه‌ڵکوژى کلتور، خاک، باوه‌ڕییه‌کانمان بێ، ژیان ئه‌و کاته واتادار ده‌بێ، مرۆڤێک که ئه‌و کۆمه‌ڵکوژیانه له کوردستان قبوڵ بکات نه‌ک ده‌ژى، به‌ڵکو مردوویه‌کى سه‌رپێیه، له‌وه زیاتریش له‌مرۆڤبونه‌وه دوره، کاتێ ئه‌وانه‌ى ده‌یبنین بیکه‌نه ده‌رد و ژان له سه‌رماندا و خه‌ومان لێ حه‌رام بکات ئه‌و کاته مرۆڤ له سه‌ره‌تاى مرۆڤبوونیدایه سوقڕات کاتێ ده‌به‌نه دادگا حوکمى ده‌ده‌ن به مردن له‌سه‌ر گه‌ڕانى به دواى حه‌قیقه‌تدا و بڕیارى ژه‌هرخواردکردنى ده‌درێ پێى ده‌ڵێن ده‌ستنوسێک بنوسه و په‌شیمان به‌وه لێت ده‌بورین سوقڕات ده‌ڵێ: نا، ئه‌گه‌ر راستیه‌کانى ژیان به عه‌قڵ بسه‌لمێنرێ ئه‌و کاته پێى ده‌ڵێن ژیان ئه‌و کاته شایانى ئه‌وه‌ین بژین ئه‌گه‌ر نا شایانى مردنین، به‌و پێیه سوقڕات بووه قوربانى گه‌ڕان به‌دواى حه‌قیقه‌تدا، به ئه‌مڕۆشه‌وه ئه‌و که‌سێکه له نیگاى مرۆڤایه‌تیه‌وه ده‌ژى و نه‌مره. هه‌ر بۆ ئه‌وه‌شه ژیان بۆ ئێمه‌ى تاکى کورد و ژنى کورد له‌و رێبازانه‌دا واتاداره و به‌نرخه، ئه‌م قۆناغه وه‌ک ساتێکى مێژوویى قۆناغى روون بونه‌وه و یه‌کلابونه‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى ژیان به واتا و نرخ بێ، ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر مان ده‌سه‌پێنرێ ئه‌وه‌یه که ژیان وه‌ک کڵێشه‌ى خو و نه‌ریته‌کانمان قبوڵ بکه‌ین، پێویستى کۆمه‌ڵگه‌که‌مان به ئازادیه بۆ ئه‌وه‌شه به پێى ئه‌وه رێچکه‌ى رێمان یه‌کل اده‌که‌ینه‌وه نه‌ک به پێى خو و نه‌ریته‌کانمان، کۆمه‌ڵگه‌که‌مان پێویستى به ژیانى دیموکراتیک و دادپه‌روه‌رانه هه‌یه ئێمه‌ش بۆ ئه‌و پێویستیه‌ى کۆمه‌ڵگه ده‌ژین، وه‌هاش ده‌کرێ ژیان و مردنمان واتادار بێ و نرخێکى پیرۆزى هه‌بێ.
تێبینى:
(ن.چ) دوو پیتى ناو و پاشناوى ئه‌و کیژۆڵه (11) ساڵه‌یه که پێش چه‌ند ساڵ له شارى سێرتى باکورى کوردستان له لایه‌ن ژماره‌یه‌کى له پۆلیس، فه‌رمانبه‌رى ئه‌منیه‌ت و ته‌نانه‌ت مامۆستاى خوێندنگه‌ى شه‌وانه‌ى ده‌ستدرێژى کرایه سه‌ر و دواى سێ ساڵ له بێنه و به‌ره سه‌رئه‌نجام دۆزه‌که‌ى به بێ تاوانى ده‌ستدرێژکارانى کۆتایى هات گوایه به بیانوى ئه‌وه‌ى که ئه‌و کیژۆڵه به ره‌زامه‌ندى خۆى ده‌ستدریژى کراوه‌ته سه‌ری.