له ژێر ناوی ئایین و مه‌زهه‌بگه‌راییه‌وه کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی چه‌ندین شه‌ڕ، کاره‌سات و کۆمه‌ڵکوژی زۆر دڕندانه‌ی به‌خۆوه بینیوه...
ئه‌کادیمیای زانسته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی عه‌بدوڵڵا ئۆجالان
ئایین راستینه‌یه‌که له‌گه‌ڵ به جڤات (کۆمه‌ڵگا)بوونی مرۆڤه‌وه، واته له‌گه‌ڵ به مرۆڤبوونی جۆری مرۆڤه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه‌و تا رۆژی ئه‌مڕۆمان هاتووه. له‌هه‌ر سه‌رده‌مێکی ژیانی جڤات و کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی شێوه‌و فۆڕمی تایبه‌ت به‌خۆی وه‌رگرتووه؛ به‌ڵام له لایه‌نی شێوه‌و رووخسار زیاتر ئایین راستینه‌یه‌که راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به دۆخی زیهنی، یادگاو هزری مرۆڤ و کۆمه‌ڵگاکه‌یه‌وه هه‌یه، راسته‌وخۆ به‌شێکی گرنگی کولتووری کۆمه‌ڵگاکه‌مان (مرۆڤایه‌تی) پێك دێنێت، به تایبه‌تیش لایه‌نی رۆحی و ئه‌خلاقی ـ ویژدانی مرۆڤ په‌یوه‌ندیدار ده‌کات. به‌ڵێ ئایین هێزێکی هزرییه، ئه‌م هێزه هزرییه‌ش یه‌که‌مین رێسا‌و به‌هایه که به شێوه‌ی دابونه‌ریت یاخود راوه‌سته‌ی ئه‌خلاقی له یاده‌وه‌ری کۆمه‌ڵگا وه‌ك ده‌زگایه‌کی سه‌ره‌کی و یه‌که‌مین هه‌بوونی هاتۆته ئاراوه، به سیفه‌تی خه‌یاڵ و یۆتۆپیای سه‌باره‌ت به داهاتوو ده‌بێته به‌هایه‌کی هێزی ژیان. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئایینی کۆمه‌ڵگا وه‌ك دابونه‌ریت و ئه‌خلاق هه‌م یاده‌وه‌ری رابردوو هه‌م خه‌یاڵ و ئومێدی داهاتوو له‌خۆوه ده‌گرێت و به‌یه‌که‌وه نوێنه‌رایه‌تی یۆتۆپیای سه‌ره‌کی ده‌کات؛ هه‌ر له سه‌ره‌تاوه وه‌کو ده‌زگایه‌کی سه‌ره‌کی کۆمه‌ڵگا جێگایه‌کی گرنگ و پڕ بایه‌خی گرتووه. په‌یوه‌ندییه‌کی دیالیکتیکی و ژیانی له‌نێوان ئایین و کۆمه‌ڵگادا جێگای باسه.
زاراوه ئایینیه‌کانیش هێزی ده‌رکپێکردنی کۆمه‌ڵگان له قۆناخه‌کانی خۆیاندا. بۆیه هه‌رگیز نابێت له‌میانی چه‌مكێکی قه‌بای ماتریالیستیانه بابه‌ته‌که تاوتوێ بکرێت، چونکه ئه‌م جۆره هه‌ڵوێستانه مه‌ترسیدارن، به‌ره‌و چه‌نه‌بازیه‌کی بێواتای دوور له زانستی‌بوون ده‌چێت. هه‌ڵوێستی راست ئه‌وه‌یه پێگه‌و رۆڵی ئایین له‌ناو راستینه‌ی کۆمه‌ڵگا تاوتوێ بکات، چییه‌تی هێزه‌که‌ی و کاریگه‌ریه‌که‌ی بگرێته ده‌ست.
پاشڤه‌ڕۆیی و محافه‌زه‌کاری ئه‌وه‌یه که ئاستی مانا‌و تێگه‌یشتنی قۆناخێك وه‌ك راستینه‌یه‌کی ره‌ها په‌سه‌ند بکرێ، به بێ خوێندنه‌وه‌و ره‌چاوکردنی هه‌ڵومه‌رج و رۆحیه‌تی کۆمه‌ڵگای سه‌رده‌می نوێ وه‌ك خۆی به سه‌ر هه‌رکه‌س، گه‌ل و کۆمه‌ڵگایه‌کدا بسه‌پێنرێت. کاتێك دۆگماتیزمی ئایینی، شڕۆڤه‌ی جیاواز و چه‌واشه‌کاریه‌کانیش یه‌ک ده‌گرن، ئه‌وا به‌ڵاو کاره‌ساتی گه‌وره روو ده‌دات و له ژێر ناوی ئایینه‌وه مرۆڤایه‌تی دووچاری دڕندانه‌ترین په‌لا‌ماره‌کانی کۆمه‌ڵکوژی ده‌بێته‌وه.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ خۆی گه‌ردوونێکی بچووکه، پێکهاته‌یه‌کی سه‌مه‌ره‌و سه‌رسووڕهێنه‌ری هه‌یه، جیاواز له بوونه‌وه‌ره‌کانی دیکه ته‌نیا به سێ پێویستیه سه‌ره‌کیه‌که (خۆراك، ئاسایش، زۆربوون) سنووردار نییه، به‌ڵکو به‌هۆی پێکهاته تایبه‌ته‌که‌ی لایه‌نی رۆحی ـ مۆراڵ و ویژدان ـ ئه‌خلاقی هه‌یه. هه‌ر له سه‌ره‌تای به مرۆڤبوونیه‌وه له رێگای ئایینه‌وه هه‌وڵی داوه ئه‌و پێداویستیه بنه‌ڕه‌تیانه‌ی دابین بکات و له رێگایه‌وه هێز به‌ده‌ست بێنێت، خۆشی به که‌ناری ئارامی بگه‌یه‌نێت.
خۆرهه‌ڵاتی ناوین به گشتی هیلالی زێرین و میزۆپۆتامیا به تایبه‌تی شوێنگه‌ی ده‌رکه‌وتنی زۆربه‌ی ئایینه‌کانن؛ به تایبه‌تی ئه‌و ئایینانه‌ی به شێوه‌یه‌کی به‌رفراوان بڵاو بوونه‌ته‌وه و تا رۆژی ئه‌مڕۆمان کاریگه‌ریه‌کی به‌هێزیان له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی هه‌یه. به تایبه‌تیش هه‌ر سێ ئایینی ئیبراهیمی که "ئاسمانین" و بۆ هه‌ر سێ پێغه‌مبه‌ره‌که هاتوونه‌ته خواره‌وه. له کاتێکدا ئه‌م ئایینانه هه‌ر یه‌که‌یان له قۆناخی خۆی وه‌ك شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی و ریفۆرم هاتنه ئاراوه، سه‌ره‌تا وه‌ك ئایینی کۆمه‌ڵگا رۆڵی ئه‌رێنی و بونیادنه‌رانه‌یان بینی، دژی کۆنه‌په‌رستی و سته‌م و کۆیلایه‌تی بوون، به‌ڵام دواتر که بوون به ئایینی فه‌رمی، واته که بوون به ئایینی سوڵته‌و ده‌سه‌ڵاتگه‌رێتی؛ چه‌واشه‌کران، له گه‌وهه‌ری راسته‌قینه‌ی خۆیان دوور خرانه‌وه‌و ته‌نیا وه‌ك ئامرازێك له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداران و سته‌مکاران به‌کارهێنران، له‌جیاتی ئازادی کۆیلایه‌تی، له‌جیاتی عه‌داله‌ت بێ عه‌داله‌تی و له‌جیاتی برایه‌تی چه‌وسانه‌وه و کۆمه‌ڵکوژیان به‌ناوی ئایینه‌وه ئه‌نجام داوه.
به‌ڵێ له‌ژێر ناوی ئایین و مه‌زهه‌بگه‌راییه‌وه کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی چه‌ندین شه‌ڕ، کاره‌سات و کۆمه‌ڵکوژی زۆر دڕندانه‌ی به‌خۆوه بینیوه؛ ئه‌م دۆخه تا رۆژی ئه‌مڕۆشمان له ناوچه جیاوازه‌کان به‌رده‌وامه، به تایبه‌تیش له شوێنی سه‌رهه‌ڵدانی ئایینه‌کان، واته له خۆرهه‌ڵاتی ناوین به‌رده‌وامه.
وڵات و ده‌وڵه‌ته ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی سه‌رکوردستان ساڵانێکی درێژه ئایین وه‌ك ئامرازێك به‌کار دێنن، له رێگایه‌وه ده‌سه‌ڵات، پاوانکاری و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان مسۆگه‌ر کردووه. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه له‌میانی به‌کارهێنانی هه‌مان ئامرازه‌وه گه‌لی کوردستان به گشتی، گه‌لی کورد به تایبه‌تی دووچاری خه‌ڵه‌تاندن، چه‌واشه‌کاری و کاره‌سات هاتووه.
له ساڵانی نه‌وه‌ده‌کان له سه‌رده‌می به‌رفرا‌وانبوونی رێکخستنی جه‌ماوه‌ری و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی سه‌رهه‌ڵدانی گه‌لی کورد له باکووری کوردستان، ده‌وڵه‌ته ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی سه‌ر کوردستان به تایبه‌تیش ئێران و تورکیا رێکخستنێکی کۆنترگه‌ریلاییان به ناوی "حزبوڵا" له باکووری کوردستان ئاوا کرد، له رێگایه‌وه هه‌وڵیاندا په‌ره‌سه‌ندنی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی کوردستان به‌ربه‌ست بکه‌ن، بۆیه ئه‌و رێکخراوه کۆنتراییه له‌ژێر ناوی ئایین و ئیسلامیه‌ته‌وه به‌کارهێنرا، هاوشانی خه‌ڵه‌تاندنی که‌سانێکی زۆر له کورده باوه‌ڕمه‌نده‌کان و به‌کارهێنانیان وه‌ك ماشایه‌ك، به‌ده‌ستی چه‌په‌ڵیان به هه‌زاران کورد و کوردستانی نیشتیمانپه‌روه‌ریان کوشت و گولله‌بارانیان کردن، نزیکه‌ی بیست هه‌زار وڵاتپارێز بوونه قوربانی تاوانه‌کانی "بکوژی نادیار" که به ده‌ستی ئه‌و تاخمه نۆکه‌ر و به‌کرێگیراوه ئه‌نجام دران. به‌ڵام کاتێك ده‌وڵه‌تی تورك کاری به‌و گڕوپه نه‌ما له ساڵی 2000 ئۆپه‌راسیۆنێکی به‌رفرا‌وانی له به‌رامبه‌ر ئه‌نجام دان، چه‌ندین سه‌رکرده‌یان کوژران و چه‌ندینی دیکه‌ش خرانه زیندانه‌کانه‌وه.
له ساڵی 2011 له‌گه‌ڵ دژواربوونی ئاستی تێکۆشان له باکووری کوردستان حکومه‌تی ئاکه‌په‌ی به‌ناو ئیسلامی لێبوردنێکی تایبه‌تی بۆ ئه‌ندامانی گڕوپی کۆنترایی به ناو "حزبوڵا" ده‌رخست، به یارمه‌تی هه‌ر دوو ده‌وڵه‌تی تورکیا ـ ئێران به ناوی هوداپار خۆیان وه‌ك پارتێکی فه‌رمی رێکخستووه. له ساڵی 2012 به دواوه له‌گه‌ڵ داعش به یه‌که‌وه دژ به گه‌لی کوردستان به‌کار ده‌هێنرێن. داعش له خۆرئاوا و باشووری کوردستان، هوداپاریش له باکووری کوردستان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ت و حکومه‌تی تورکیاوه دژ به کوردان به‌کار ده‌هێنرێن.
چه‌ند ساڵێکه له باکوور و خۆرئاوای کوردستان گڕوپه به‌ناو ئیسلامگه‌را رادیکاله‌کان دژ به گه‌لی کورد و بزووتنه‌وه ئازادیخوازه‌که‌ی به‌کار ده‌هێنرێن. به تایبه‌تیش نزیکه‌ی ساڵێکه ئه‌و گڕوپه چه‌ته‌گه‌ریانه له‌میانی یه‌کانگیرکردنی میللیگه‌رایی ـ شوڤینیزمی به‌عسی عه‌ره‌بی له‌گه‌ڵ فاشیزمی ئیسلامگه‌رایی ده‌سه‌ڵاتگه‌را، هێرشێکی به‌رفرا‌وانیان بۆ سه‌ر ته‌واوی گه‌لی کوردستان ده‌ست پێکردووه به تایبه‌تیش له خۆرئاوا‌و باشووری کوردستان.
بێگومان ئه‌و گڕوپه چه‌ته‌گه‌ریه هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی به راستینه‌و گه‌وهه‌ری ئیسلامه‌وه نییه، به‌ڵکو لای هه‌رکه‌سێك ئاشکرا بووه که ئامرازێکن به ده‌ست هێزه جیهانی و هه‌رێمیه‌کان، سه‌رمایه‌داری جیهانگیری به ئامانجی به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندییه هه‌مه‌لایه‌نه‌کانی خۆی به‌کاریان دێنێ.
وه‌ك له تاوانه گه‌وره‌کانی ئه‌و گڕوپه دروستکراو و ئاراسته‌کراوانه بینیمان، ئه‌مانه دژ به فره‌ره‌نگی و جیاوازیه‌کانن و خوازیارن لۆژیکی ره‌ش و سپی بسه‌پێنن. له‌و سۆنگه‌وه؛ ئامێرێکی قڕکردن و له‌ناوبردنی گڕوپه ئه‌تنیکی، ئایینی و مه‌زهه‌بیه‌کانن. ئه‌مه‌ش به شێوه‌یه‌کی به‌رجه‌سته‌تر له هێرشه‌کانیان بۆ سه‌ر کورده موسڵمانه‌کان، ئێزدیه‌کان، شه‌به‌ك و کاکه‌ییه‌کان و هه‌روه‌ها له په‌لا‌ماره‌کانیان بۆ سه‌ر کرستیان و ئاشووری ـ سریانیه‌کاندا ده‌بینرێت.
ئه‌و جۆره گڕوپانه له هه‌ر قۆناخێك و له هه‌ر شوێنێك له‌ژێر ناوی جیاواز ده‌رده‌که‌ون، به‌ڵام زهنیه‌ت، لۆژیك، چه‌مك و خه‌سڵه‌که‌تانیان هه‌مان شته؛ له‌ژێر ناوی ئایین، به تایبه‌تیش له‌ژێر ناوی ئایینی ئیسلام، ئایینی ئیسلام چه‌واشه ده‌که‌ن، گه‌وره‌ترین دوژمنایه‌تی به‌رامبه‌ر خودی ئایینیش ده‌که‌ن. ئه‌م جۆره ره‌وتانه به هه‌موو شێوه‌کانیانه‌وه نوێنه‌رایه‌تی ئیسلامیه‌تی ده‌سه‌ڵاتگه‌را و ده‌وڵه‌تی ده‌که‌ن، نوێنه‌ری شۆڕشی چه‌واشه‌ی ئیسلامن. له‌میانی ئه‌و رێبازه‌یانه‌وه شه‌ڕی ئایینی و مه‌زهه‌بی به‌سه‌ر گه‌لاندا ده‌سه‌پێنن و خوازیارن باخه کولتوورییه ره‌نگاوره‌نگه‌که‌ی گه‌لانی خۆرهه‌ڵاتی ناوین کۆتایی پێ بێنن و بۆ بیابانێکی وشك و چۆله‌وانی بگۆڕن.
هه‌رچی ئیسلامی دیموکراتیك یاخود ئیسلامی کولتوورییه دژه‌ژه‌هری ئه‌و ئیسلامه ساخته و ده‌سه‌ڵاتگه‌رایه‌یه. ئیسلامی راسته‌قینه و گه‌وهه‌ره‌که‌ی به بنه‌ما ده‌گرێت نه‌ك شێوه‌و رووخسار. له‌جیاتی نکوڵیکردن له ئایین و مه‌زهه‌به جیاوازه‌کان، به رۆحی برایه‌تی و لێبووردنه‌وه گشتیان په‌سه‌ند ده‌کات و رێزیان لێ ده‌گرێت، به‌م جۆره‌ش لۆژیکی ره‌ش و سپی تێپه‌ڕ ده‌کات و برایه‌تی نێوان ئایین، مه‌زهه‌ب، ئه‌تنیك و گه‌لان به بنه‌ما وه‌رده‌گرێت. ئیسلامی راسته‌قینه ئه‌و ئیسلامه‌یه که دوور له دۆگماتیزم و محافه‌زه‌کارییه، له‌جیاتی چه‌قبه‌ستن نوژه‌نبوونه‌وه به بنه‌ما وه‌رده‌گرێت؛ به‌ها ئه‌خلاقییه جوانه‌کانی ئیسلام له‌گه‌ڵ پێوانه به‌رز و شکوداره‌کانی مرۆڤایه‌تی ئه‌مڕۆمان ئاوێزان ده‌کات، له‌م سۆنگه‌وه؛ رێنسانسی خۆرهه‌ڵاتی ناوین ده‌کاته ئامانجی خۆی، له رێگای ئه‌م رێنسانسه‌وه ده‌شێ نه‌ته‌وه‌و ئیسلامی دیموکراتیك ببن به راستینه‌یه‌کی ژیانی و به‌رجه‌سته.