به‌ر له‌هه‌موو شتێک خواستوویانه ئه‌و په‌یوه‌ندییه دیالیکتییکهی نێوان "گه‌ل، په‌که‌که، ئۆجالان" بشێوێنن یان بیپچڕێنن و له‌یه‌کدابڕاو سه‌یر بکرێن...
حه‌سه‌ن جودی
دوازده وانه له مێژووى ته‌ڤگه‌رى ئاپۆیی
(5)
بۆیه ئه‌وه‌ی له مێژووی په‌که‌که‌دا ده‌یبینیت نهێنی له‌دایکبوون و مه‌زنبوونی بزووتنه‌وه‌یه‌که که هیچ که‌سێک مه‌زه‌نده‌ی له‌دایکبوونی ناکات، نه‌خاسمه پێشکه‌وتن و مه‌زنبوون و سه‌رکه‌وتنه‌که‌ی، ئه‌مه هه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی خه‌یاڵ دابوو... که‌چی له ده‌ره‌وه‌ی مه‌زه‌نده و شیمانه‌کان، به‌بێ ئه‌وه‌ی روخسه‌ت له باڵاده‌سته‌کانی ئه‌و جوگرافیایه و جیهان وه‌ربگرێت، سه‌ریهه‌ڵدا... بهڕووئاسا ره‌گی داکوتا و باڵای کرد، چڵ و پۆپه‌ی ده‌رکرد، چه‌نده چڵ و پۆپه ده‌رده‌کات ئه‌وه‌نده‌ش ره‌گ داده‌کوتێ، چه‌نده به قووڵایی مێژوودا شۆڕ ده‌بێته‌وه ئه‌وه‌نده‌ش به‌ره‌و لوتکه هه‌ڵده‌کشێ... ئیدی له‌نێو دۆزه‌خی جوگرافیایه‌کی ونبوودا، ئه‌و جوگرافیایه‌ی که له‌مێژ ساڵه هه‌نجن هه‌نجنیان کردبوو و پاشان سڕیبوویانه‌وه، دره‌ختێک باڵانما ده‌کات و خوازیاره له‌و دۆزه‌خه‌ی که پێی ده‌گووترێت گێژاو (کائیوس) نسێیه‌کی فێنک، ساباتێکی دڵڕفێن بۆ گه‌لانی خێر له‌خۆنه‌دیو، بۆ ژنانی ئازارچه‌شتوو، بۆ مرۆڤایه‌تی له‌سه‌ر خاکی میزۆپۆتامیا و هه‌موو جیهان بخوڵقێنێ...
له جیهان و خۆرهه‌ڵاتی ناویندا به‌گشتی و باشووری کوردستاندا به‌تایبه‌تی، به شێوه‌یه‌کی سیسته‌ماتیک و پلان بۆکراودا، هه‌ڵمه‌تێکی فراوان و چڕ‌وپڕ و به‌رده‌وامی؛ ره‌شکردن، ناوزڕاندن، چه‌واشه‌کاری و شێواندن له‌به‌رامبه‌ر راستینه‌ی بزووتنه‌وه‌ی په‌که‌که و رێبه‌ر عه‌بدوڵڵا ئۆجالان و شۆڕشگێڕانی نێو ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ئه‌نجام دراوه و پێش خراوه، له‌به‌رامبه‌ر فه‌لسه‌فه و هزر و ئایدیۆلۆژیا و سیاسه‌ت و سیسته‌می ژیان و بیر و کارکردنی په‌که‌که‌دا هه‌وڵ و ته‌قه‌للایه‌کی بێ‌وچان دراوه و له‌مه‌شدا ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌کی کورتخایه‌نیش بێت، تاڕاده‌یه‌کی به‌رچاو ئه‌و هه‌ڵمه‌تانه‌یان سه‌ریگرتووه. هه‌ڵبه‌ته داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ته زلهێزه ئیمپریالیسته‌کان، تورکیا و داگیرکه‌رانی دیکه‌ی کوردستان، هه‌روه‌ها هێزه به‌کرێگیراو و ته‌سلیمکاره‌کانی کورد و چه‌ندین نووسه‌ری قه‌ڵه‌مفرۆش و ویژدانفرۆشی کورد و بیانی رۆڵێکی گرنگیان له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا بینیوه و ته‌نانه‌ت له‌مڕووه‌وه له‌نێو پێشبڕکێیه‌کی سه‌رسوڕهێنه‌ردا بوون و تا ئانوساتی ئێستاش له‌سه‌ر پێشخستنی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته هه‌ر به‌رده‌وامن و چاوه‌ڕێش ناکرێت "ئیمپریالیزم ــ داگیرکه‌رانی کوردستان ــ هێزه وابه‌سته‌کانی کورد ـــ نووسه‌ره خودفرۆشهکان" هه‌روا زوو ده‌ستبه‌رداری ئه‌م هه‌ڵمه‌ته هاوبه‌شه‌یان ببن. بێگومان زۆر که‌من ئه‌وانه‌ی به‌بێ مه‌به‌ست و لهخافڵگیری و نه‌زانییه‌وه که‌وتوونه‌ته خزمه‌تی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته دژهشۆڕشیهوه. بۆیه گێڕانه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن و شیکردنه‌وه‌ی مێژووی بزووتنه‌وه‌ی په‌که‌که له‌سه‌ر زمانی خودی په‌که‌که‌ییه‌کان، ئه‌وانه‌ی به‌وپه‌ڕی دروستی و راستگۆیی و جورئه‌ته‌وه به‌رده‌وامی به تێکۆشانی ئازادیخوازانه‌ی خۆیان ده‌ده‌ن، ئه‌رکێکی گرنگ و پڕ به‌بایه‌خه. به‌داخه‌وه خودی شۆڕشگێڕانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه له‌مڕووه‌وه که‌مته‌رخه‌میان نواندووه و مێژووی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌یان به شێوه‌یه‌کی فراوان به‌هه‌موو که‌سێک نه‌ناساندووه. ئه‌مه‌ش جێی ره‌خنه‌یه. چونکه ناسین و تێگه‌یشتن له په‌که‌که له‌ڕێی خودی په‌که‌که و په‌که‌که‌ییه‌کان راستترین و زانستیانه‌ترین رێگه‌یه بۆ ناسین و تێگه‌یشتن له‌مێژوو و فه‌لسه‌فه و سیسته‌می بیرکردنه‌وه و ژیان و تێکۆشانه‌که‌ی.
له‌میانه‌ی وردبوونه‌وه و لێکدانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌ڵمه‌ته پروپاگه‌نده‌ییه‌ی له‌دژی ئه‌و ته‌ڤگه‌ره به‌ڕێوه براوه ده‌بینرێت که زۆر شێواز و ئوسلوب به‌کاربراوه بۆ وێناکردنێکی ناشرین بۆ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه. به‌ر له‌هه‌موو شتێک خواستوویانه ئه‌و په‌یوه‌ندییه دیالیکتییکهی نێوان "گه‌ل، په‌که‌که، ئۆجالان" بشێوێنن یان بیپچڕێنن و له‌یه‌کدابڕاو سه‌یر بکرێن. ئه‌و هێز و لایه‌نانه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه دیالیکتکییه بشێوێنن و له‌یه‌کدی بیپچڕێنن هه‌رچی به‌ده‌میاندا هاتووه گووتوویانه، هه‌رچی له‌ده‌ستیان هاتووه کردوویانه، له که‌مپینی ناوزڕاندن و ره‌شکردنه‌وه بگره تا ده‌گاته هه‌وڵه‌کانی کوشتن و تیرۆر، له‌شه‌ڕ و هێرشبردنه‌وه تا ده‌گاته پیلانگێڕییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و...، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و هه‌وڵ و ته‌قه‌للا به‌رده‌وامانه‌یان، که‌چی نه‌ک هه‌ر په‌یوه‌ندی تۆکمه‌ی نێوان "گه‌ل، په‌که‌که، ئۆجالان" لاواز نه‌بووه و نه‌پچڕاوه، نه‌ک هه‌ر ئیراده‌ی ئازاد و سه‌ربه‌خۆی ئه‌م سێینه‌یه بێ کاریگه‌ر نه‌بووه و نه‌شکاوه، به‌ڵکو تا هاتووه ئه‌م ئیراده‌یه به‌هێز و تۆکمه‌تر بووه و رۆحی به‌رگری و به‌رخۆدانی، په‌یوه‌ستبوونی گه‌ل به فه‌لسه‌فه و ژیانی ئازادی په‌که‌که و رێبه‌ر ئۆجالان تا هاتووه مه‌زنتر بووه، تا هاتووشه باوه‌ڕی په‌که‌که و رێبه‌ر ئۆجالان به‌هێز و توانا و ئیراده‌ی گه‌ل و مرۆڤایه‌تی پێشکه‌وتنخوازیش تۆکمه و به‌هێزتر بووه. بۆیه پێویست ده‌کات هه‌رکه‌س و هێز و لایه‌نێک بخوازێت دۆستایه‌تی یان دووژمنایه‌تی ئه‌و په‌یوه‌ندییه دیالیکتیکیانهیهی ئه‌م سێینه‌یه بکات، ئه‌وا پێویسته ئه‌و راستینه‌یه به قووڵی تێبگات که ئه‌و په‌یوه‌ندییه سه‌رچاوه‌ی خۆی له‌راستینه‌ی فه‌لسه‌فه و سیسته‌می بیرکردنه‌وه و ژیان و تێکۆشانی رێبه‌ر ئۆجالان و گه‌لی کوردستانه‌وه وه‌رده‌گرێت.
له‌م روانگه‌یه‌وه؛ ده‌گه‌ینه ئه‌و راستییه‌ی که ناکرێت به زیهنییه‌ت و چه‌مک و لۆژیکه باوه‌کان له په‌که‌که و رێبه‌ر ئۆجالان و ئاستی پێگه‌یشتووى ئه‌مڕۆی گه‌لی کوردستان تێبگه‌ین، چونکه رێبه‌ر ئۆجالان و په‌که‌که به‌زیهنییه‌ت و چه‌مکێکی نوێوه سه‌ریان هه‌ڵداوه و تێکۆشاون و په‌ره‌یان سه‌ندووه، به‌مه‌ش که‌سێتییه‌کی نوێ و هاوچه‌رخیان بۆ کورد ئافراندووه. زیهنییه‌تێک له‌سه‌ر بنه‌مای فه‌لسه‌فه‌یه‌کی پووخت و سه‌نتێزی (کۆتێزی)یه‌وه، له‌تیۆری و کرداریدا بهئاوێتهیی پێگه‌یشتووه و پێشکه‌وتووه، که قۆناخ به‌قۆناخ خۆی پووخت و هه‌ڵاوێرد کردووه و گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته‌ی وه‌ک واقیعێک و راستییه‌ک ره‌گی خۆی دابکوتێ و له‌هه‌ڵکشاندا بێت. به‌مه‌ش مێژووی ئه‌م ته‌ڤگه‌ره بۆته قۆناخێکی نوێ و گرنگ له‌مێژووی هاوچه‌رخی گه‌لی کوردستان و مرۆڤایه‌تی، پارچه‌یه‌کی دانه‌بڕاو له‌مێژووی کوردستان، خۆرهه‌ڵاتی ناوین و کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی. ئیدی له ناوه‌رۆکی مێژووی ته‌ڤگه‌ری په‌که‌که‌دا؛ پووخته‌ی مێژووی گه‌لێک ده‌بینین، که ده‌ستبه‌رداری مه‌یلی ئازادیخوازانه‌ی خۆی نابێت و له پێناو گه‌یشتن به ئازادی له ئاستی هه‌ره بڵنددا قوربانی، قاره‌مانێتی و گیانفیدایی هه‌ره‌مه‌زنی نواندووه و بۆته سه‌رچاوه‌ی مۆڕاڵ و وزه و توانستێکی به‌هادار بۆ گه‌لانی خۆرهه‌ڵاتی ناوین و جیهان.
ئیدی له ئاکامی تێکۆشانی شکۆدارانه‌ی رێبه‌ر ئۆجالان و ته‌ڤگه‌ری په‌که‌که و خودی گه‌لی کوردستان نموونه‌ی تاک و کۆمه‌ڵگایه‌کی نوێ و هاوچه‌رخ ئافرێنرا، تا ئاستێکی به‌رزیش توانیویه‌تی قۆناخی "بهگهلبوون" و "به‌نه‌ته‌وه‌بوون"ببڕێت و به‌ڕاده‌یه‌ک بتوانێت خۆی ئاوێته‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ئازادی بکات و به‌جورئه‌ته‌وه بێژێ:" ئه‌گه‌ر ژیانێک هه‌بێت با به ئازادی و بۆ ئازادی بێت، ئه‌گه‌ر مردنێکیش هه‌بێت با هه‌ر به ئازادی و بۆ ئازادی بێت" و ببێته نموونه‌ی" گه‌لی سه‌رکه‌وتوو"، ببێته ناسنامه‌یه‌کی ئازاد بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوینێکی نوێ، ئه‌و گه‌له‌ی له‌هه‌موو ئاسته‌کاندا نکۆڵی لێده‌کرا و ده‌توایه‌وه و قڕده‌کرا، ته‌نانه‌ت گه‌یه‌ندرابووه ئه‌و قۆناخه‌ی خۆی نکۆڵی له‌خۆی بکات و رازی بێت به‌م نکۆڵیکردنه و له ململانێ و ناکۆکی و شه‌ڕ و پێکدادانه جیهانی و هه‌رێمییه‌کاندا وه‌ک "قۆچی قوربانی"ی هه‌میشه‌یی و وڵاته‌که‌یشی وه‌ک "گۆڕه‌پانی شه‌ڕ"ی به‌رده‌وام وابوو، ئه‌مڕۆ له‌سایه‌ی ئه‌و تێکۆشانه چڕوپڕه‌ی خۆی و رێبه‌ر ئۆجالان و ته‌ڤگه‌ری په‌که‌که‌دا زۆر به‌جورئه‌ت و شێلگیرییه‌وه ده‌ڵێت:"من هه‌م و جگه له ژیانی ئازادانه و سه‌رکه‌وتن به هیچ شێوه ژیانێکی دیکه و ئه‌نجامێکی دیکه رازی نابم" و وه‌ک ئه‌رکێکی ژیارى و مێژوویی، ئه‌خلاقی و مرۆڤایه‌تی ببێته داینه‌مۆی دیموکراتیزه‌بوونی خۆرهه‌ڵاتی ناوین و پزیسکی شۆڕشێکی زیهنی ـ ویژدانی سه‌رتاپاگیر...
(6)
یه‌کێک له‌و هه‌وڵانه‌ی؛ به‌مه‌به‌ست و بێ مه‌به‌ست، له‌به‌رامبه‌ر ته‌ڤگه‌ری په‌که‌که دراون، ئه‌وه‌یه که خوازراوه ئه‌م ته‌ڤگه‌ره ته‌نیا وه‌ک ته‌ڤگه‌رێکی سه‌ربازی نیشان بدرێت و بناسرێت. ئه‌مه له‌کاتێکدا ته‌ڤگه‌ری په‌که‌که به‌ر له‌وه‌ی ته‌ڤگه‌رێکی گه‌ریلایی و سه‌ربازی بێت، ته‌نانه‌ت به‌رله‌وه‌ی ته‌ڤگه‌رێکی سیاسیش بێت، له‌بنچینه‌دا ته‌ڤگه‌رێکه بناخه‌یه‌کی فه‌لسه‌فی، هزری و ئایدیۆلۆژی خۆی هه‌یه و خاوه‌ن سیسته‌مێکی سه‌ربه‌خۆ و ئازادی بیر و ژیان و تێکۆشانه و تێکۆشانی سیاسی و گه‌ریلایی خۆیشی له‌سه‌ر بناخه‌ی ئه‌و فه‌لسه‌فه و هزر و ئایدیۆلۆژیا و سیسته‌مه پێشخستووه. هه‌ندێک که‌س وا پێناسه‌ی ته‌ڤگه‌ری په‌که‌که ده‌که‌ن که ته‌نیا ته‌ڤگه‌رێکی نه‌ته‌وه‌یی یان ناسیۆنالیستییه، یاخود پێیان وایه ته‌نیا ته‌ڤگه‌رێکی چینایه‌تی چه‌پڕه‌وه. به‌ڵام له‌راستینه‌ی فه‌لسه‌فی و هزر و ئایدیۆلۆژیا و سیسته‌می ئه‌و ته‌ڤگه‌ره‌دا تاکڕه‌هه‌ندی یان تاکلایه‌نی نابینرێت، به‌ڵکو فره ره‌هه‌ند و فره‌لایه‌نه و له‌رووی تیۆری و کرداریدا به‌ئاراسته‌ی ئاسۆیی، ستوونی و قووڵاییدا له‌پێشکه‌وتن و نوێبوونه‌وه دایه. بۆیه سه‌رتاپای تێکۆشانی هزری و کرداری خۆی له‌ئاستی پێنج ته‌وه‌ری به‌یه‌که‌وه په‌یوه‌ست و ئاوێتهییدا پێش ده‌خات که: "تێکۆشانی خود، تێکۆشانی ره‌گه‌زی، تێکۆشانی چینایه‌تی، تێکۆشانی نه‌ته‌وه‌یی و تێکۆشانی مرۆیی"ن. ئامانج له‌و پێنج ته‌وه‌ره‌ی تێکۆشانیش بنیادنانی که‌سێتی و کۆمه‌ڵگایه‌کی ئازاد و سیسته‌مێکی گه‌له‌ری دیموکراتییه. له‌م پێناوه‌شدا تێکۆشانی هزری و ئایدیۆلۆژی، سیاسی و گه‌ریلایی (سه‌ربازی)، کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تی پێشخستووه. بۆیه به‌و راده‌یه‌ی تێکۆشان له‌به‌رامبه‌ر "خود"ی ده‌سته‌مۆ و بنیادنانی خود (که‌سێتی)ییه‌کی ئازاد‌دا گرنگێتی خۆی هه‌یه، به‌هه‌مان راده‌ش تێکۆشان له‌به‌رامبه‌ر سیسته‌می باڵاده‌ستی پیاوسالارێتی و که‌سێتی "ژن و پیاو"ی باو و کلاسیک گرنگه، هه‌ر به‌هه‌مان راده‌ش تێکۆشان له‌به‌رامبه‌ر شارستانێتی چینایه‌تی و فه‌راهه‌مکردنی یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری گرنگه، هه‌ر به‌هه‌مان راده‌ش تێکۆشانی ژیانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد و دیموکراتیزه‌کردنی کۆمه‌ڵگای کورده‌واری و گه‌یشتن به‌ماف و ئازادی نه‌ته‌وه‌یی، هه‌روه‌ها به‌رگریکردن له سروشت و ژینگه و ته‌واوی مرۆڤایه‌تی و ئه‌و ته‌حه‌دیاتانه‌ی رووبه‌ڕووی ته‌واوی مرۆڤایه‌تی بۆته‌وه، گرنگ و بایه‌خداره.
بێگومان به‌هۆی هه‌لومه‌رجی بابه‌تی و خودی ده‌رکه‌وتنی ته‌ڤگه‌ره‌که و هه‌بوون و قووڵبوونه‌وه‌ی کێشه‌ی کورد و ئه‌و سیاسه‌ته هێرشکارییه‌ی داگیرکه‌ران و هێزه ئیمپریالیسته‌کان و هێزه باڵاده‌سته‌کانی چینی سه‌رده‌ستی کورد، زیاتر مۆرکی نه‌ته‌وه‌یی و چینایه‌تی و سه‌ربازی وه‌ک تایبه‌تمه‌ندێتی سه‌ره‌کی ته‌ڤگه‌ری په‌که‌که به‌دیار که‌وتووه و پێیه‌وه ناسراوه، ئه‌مه ته‌نیا به‌شێکی راستینه و ناسنامه‌ی ته‌ڤگه‌ری په‌که‌که‌یه، به‌ڵام له‌گه‌وهه‌ر و راستینه‌ی ئه‌م ته‌ڤگه‌ره‌شدا؛ به‌ر له‌هه‌موو شتێک ئافراندنی فه‌لسه‌فه و ئایدیۆلۆژیایه‌ک، سیسته‌مێکی سه‌رده‌میانه هه‌یه بۆ بیرکردنه‌وه و ژیان و خه‌باتکردن. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش له‌پێناو ئامانجه‌کاندا شێوه و شێوازه‌کانی تێکۆشان و به‌رخۆدانی له‌ئاستی که‌سێتی، ره‌گه‌زی، چینایه‌تی، نه‌ته‌وه‌یی و مرۆڤایه‌تی به‌ڕێوه‌بردووه و پێشیخستووه. له‌میانه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌کی زانستی و بابه‌تیانه‌ی مێژووی ته‌ڤگه‌ری په‌که‌که‌دا ده‌رک به‌هێڵی گشتی ئه‌و فه‌لسه‌فه و سیسته‌مه ده‌کرێت و تایبه‌تمه‌ندی و بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانی ده‌بینرێت.
هه‌روه‌ها له‌میانه‌ی خوێندنه‌وه‌ی سه‌دان په‌ڕتووک و نامیلکه‌ی رێبه‌ر ئاپۆ و هه‌زاران په‌رتووک و نامیلکه‌ی ئه‌م ته‌ڤگه‌ره‌دا راستینه‌ی رێبازێکی فه‌لسه‌فی و هزری و ئایدیۆلۆژی و سیاسی ده‌بینرێت. بێگومان له‌چوارچێوه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و شیکردنه‌وه و لێکۆڵینه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنه فه‌لسه‌فی و هزری و ئایدیۆلۆژییه‌دا شیکردنه‌وه و لێکدانه‌وه‌یه‌کی قووڵ و زانستیانه‌ی تاک و کۆمه‌ڵگای کورد ده‌رکی پێده‌کرێت، که یه‌که‌مجاره له‌و ئاسته فراوان و قووڵه‌دا له‌رووی مێژوو و کۆمه‌ڵناسی و ده‌روونناسیدا گه‌لی کوردستان به تاک و کۆمه‌ڵگایه‌وه بکه‌وێته به‌ر توێژینه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه. ئه‌وه‌ش به‌هایه‌کی زانستیانه‌ی مه‌زنی خۆی هه‌یه.
له‌رووێکی دیکه‌وه کاتێک قۆناخه‌کانی مێژووی ته‌ڤگه‌ری په‌که‌که ده‌خوێنینه‌وه مێژووییه‌کی ته‌واو به‌یه‌که‌وه پابه‌ند و په‌یوه‌ست ده‌بینین. رووداو و ئاڵوگۆڕه‌کان، پێشکه‌وتن و گۆڕانکارییه‌کان گرێدراوی یه‌کن و هیچیان له‌وه‌ی دیکه‌یان دابڕاو و پچڕا‌و نیین و یه‌کدی ته‌واو ده‌که‌ن. هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه‌ی رۆنهچێته قووڵایی ئه‌م مێژووه‌وه، ناتوانێت ده‌رک به‌راستینه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌ڵقه‌کانی ئه‌م مێژووه بکات و لێی تێبگات. بۆیه ره‌چاوکردنی ئه‌و راستینه‌یه تێگه‌یشتنی قووڵ و راست بۆ ئه‌م مێژووه دێنێته‌دی.