ژن، بیناکار، ره‌نجده‌ر و خوداوه‌ندى ئافرێنه‌رى مێژووى مرۆڤایه‌تیه، ده‌نگى مێژووى پێنج هه‌زار ساڵه‌یه...
پوخته‌یه‌ک له مێژوو و واتای هه‌شتی مارس
دوینێ ئه‌و ژنه‌ى که مێژووى باوکسالارى پێنج هه‌زار ساڵه ره‌نجى زه‌وت کرد، کۆیله کرا و کوژرا، ئه‌و ژهنهى که بێ ده‌نگ کراوه، فرۆشراوه، رابردو و ئاینده‌ى لێ سه‌ندراوه‌ته‌وه، له نێو سێ گۆشه‌ى شه‌رم، گوناح و تاواندا دیل کراوه. به‌ڵام ئه‌مرۆ ژن وشیاره، سه‌رله‌نوێ ژیندار ده‌بێ و له به‌رامبه‌ر زوڵم، داگیرکارى، نایه‌کسانى و کۆیلایه‌تى پێشه‌نگى ئازادى و، دیموکراسى، فه‌رماندار، سیاسه‌تمه‌دار و زانیار و چالاکڤانه.
ژن له سه‌ره‌تاى ژیانیه‌وه تا مردن بێ مافى و نایه‌کسانى هه‌میشه به‌شى بووه. هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ش ژن له به‌رامبه‌ر سیستمی پێنج هه‌زار ساڵه و کۆنه‌په‌رستى هه‌میشه سه‌رهه‌ڵدان و به‌رخودانى کردووه. ژن هه‌میشه باوه‌ڕى به مرۆڤه‌کان، ره‌نج، جوانى و باشى هه‌بووه. به‌ڵام هه‌رچه‌نده ژن له ژیاندا زیاتر قوربانى قورسیشی دابێ، ئاگردانى به‌رخودانى هه‌رگیز نه‌کوژاوه‌ته‌وه. له به‌رامبه‌ر بێ مافى راپه‌ڕیوه و له بهرخودانیدا پێشه‌نگى کردووه.
ژن له هه‌شتى مارسدا به‌رخودان و تێکۆشانى ئافراند و له ئامێزیدا زۆر بهرخودانڤانى بوێر و چاونه‌ترسى په‌روه‌رده کرد. جان دارک، ئۆلیمپ ده گۆش، کلارا زه‌تکین، رۆزا لۆکسه‌مبورگ، زیلان، سه‌ما و ئارین ناویان له مێژووى ژن‌دا به پیتى زێرین نووسرا. هه‌رچه‌نده ژن له سه‌ره‌تاى شارستانییه‌وه بهرخودانیشى کردبێ، تێکۆشانێکى هاوبه‌شى له ماوه‌ى ئه‌م سه‌دساڵه‌ى دواییدا ده‌ست پێ‌کرد. هه‌شتى مارت رۆژێکه که ژنان له به‌رامبه‌ر ئه‌و ناڕه‌واییانه‌ی لێیان ده‌کرێ، هاواریان کرد. رۆژێکه که ژنانى ره‌نجده‌ر ویستیان خاوه‌ندارى له ره‌نجیان بکه‌ن. بۆیه له مه‌یدانى چالاکیه‌کاندا وتیان ئێمه‌ش هه‌ین.
له سه‌ده‌ى (19)دا جیهان به‌ره‌و پێشکه‌وتنى پیشه‌سازى هه‌نگاوى نا، هێزه‌کانى باڵاده‌ست بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رچى زیاتر په‌ره به دهستهلاتداریان بده‌ن، گوشار و رهنجخۆریان په‌ره پێدا. هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ش له نێوان چینى ره‌نجده‌ر و رهنجخۆر و مشه‌خۆره‌کاندا، شه‌ڕێکى بێ وێنه ده‌ستى پێ‌کرد. له دۆخێکى وه‌هادا که جیهان پڕه له ناکۆکى، ژنانى ره‌نجده‌ر له ئه‌مریکا ده‌یانه‌ویست مافه‌کانیان ره‌چاو بکرێ. هه‌شتى مارس له شارى نیویۆرکى ئه‌مریکا ئه‌و ژنانه‌ى که کارگه‌یه‌کى رستن و چنیندا کاریان ده‌کرد، له دژى ناڕه‌وایى ده‌ست به تێکۆشان ده‌که‌ن و ئه‌مریکا ده‌بێته مه‌یدانى تێکۆشان و پێکدادانى نێوان ژنانى ره‌نجده‌ر و هێزه‌کانى باڵاده‌ستى سه‌رمایه‌دا.
سه‌رمایه‌دار بیانویه‌کیان له به‌رامبه‌ر ژنان بینیبویهوه و به‌رامبه‌رى دانى مافى کاریان، ژنانیان وه‌ک چینێکى دووه‌مى کۆمه‌ڵگه ده‌بینى. به‌مشێوه دۆخى جه‌سته‌یى ژنانیان به‌رامبه‌ر به هێزى پیاوان ده‌کرده بیانوو که حهقدهستێکى زۆر که‌متریان پێ بده‌ن. سیستمی سه‌رده‌ست به‌و رێباز و هه‌ڵوێسته‌ى بیر و سه‌رده‌ستى پیاوانى له به‌رامبه‌ر ژنان به‌هێز و ره‌وا ده‌کرد.
له‌و سه‌روبه‌نده‌دا بزوتنه‌وه‌ى چینى ره‌نجده‌ر له هه‌مو ده‌ڤه‌رێک له سه‌ر پێ بوون. ژنانى ره‌نجده‌ریش له نیو ئه‌و تێکۆشانه‌دا به‌شداریان کرد و ئامانجى تێکۆشانه‌که‌ى خۆیان ده‌رده‌بڕى. له نێو ئه‌و بزوتنه‌وه و تێکۆشانانه‌دا ژنانیش له به‌رامبه‌ر ناڕه‌واییدا به بیر و باوهڕییهکى مه‌زن هاتنه مه‌یدان و ئاڵاى به‌رخودانیان بڵندتر کرد. به‌و بیر و باوه‌ڕییه ژنان له هه‌شتى مارسى ساڵى 1857 له شارى نیۆیۆرکى ئه‌مریکا ژنانێکى که له کارگه‌ى رستن و چنینى ترایانگل شێرت ویست کامپهنیدا کاریان ده‌کرد، ده‌ستیان به مانگرتنێکى سه‌ره‌تاسه‌رى کرد. ئه‌و ژنانه ئامانجیان ئه‌وه بوو که کاتژمێره‌کانی کار که‌م بکرێته‌وه و ببێته رۆژى هه‌شت کاتژمێر، دۆخى ته‌ندروستیان ره‌چاو بکرێته‌وه و، پرسه‌کانیان له شوێنى کارکردن بۆ چارسه‌ر بکرێ.
به‌ڵام تێکۆشانى ژنانى ره‌نجده‌ر له هه‌شتى مارسى ساڵى 1857 بلێسه‌ى سه‌ند و، رووداوێکى غه‌مگینى لێکه‌وته‌وه. له کاتى مانگرتنى کرێکارانى ژن‌دا ئاگر له کارگه‌که ده‌که‌وێته‌وه و، له ئه‌نجامدا نزیکه‌ى 140 ژنى کرێکار که زۆربه‌یان کۆچبه‌ر بوون، ژیانیان له ده‌ست ده‌ده‌ن. وێراى ئه‌و رووداوه غهمگینهش، چالاکییه‌کانى ژنان به سه‌رکه‌وتوویى کۆتایى هات و گه‌یشتنه ئامانجه‌کانیان. به‌و چالاکیانه، ژنان میراسێکى مێژووییان بۆ ژنان رۆژى ئه‌مرۆ و تێکۆشانه‌که‌یان تۆمار کرد. هه‌روه‌ها تا رۆژى ئه‌مرۆش ژنانى ره‌نجده‌ر له‌گه‌ڵ هه‌موو ئاسته‌نگیه‌کان و ناڕهواییهکانیش داکۆکى له میراسه به‌نرخه ده‌که‌ن. ئه‌و تێکۆشانه‌ى که له کیشوه‌رى ئه‌مریکا ده‌ستى پێ‌کردبوو، کاریگه‌رى له ئه‌وروپاش کرد و ژنان له‌و کیشوه‌ره درکیان به‌و ناڕهواییهى به‌رامبه‌ریان کرد و به چالاکى فره‌ڕه‌نگ پشتگیرى خۆیان له ژنانى نیویۆرک نیشان دا.
له شارى شتوتگارتى ئه‌ڵمانیا جارى یه‌که‌م له ساڵى (1907)دا کۆنگره‌ى نێونه‌ته‌وه‌یى ژنانى سۆسیالست به‌سترا. له کۆنگره‌که‌دا بڕیار درا که ده‌زگاى ئهنتهرناسیۆنالیزمى ژنان دابمه‌زرێ. به پێى بڕیارى کۆنگره ده‌زگاکه دامه‌زرا و کلارا زه‌تکین وه‌ک سه‌رۆکى ده‌زگاى ئهنتهرناسیۆنالیزمى ژنان هه‌ڵبژێدرا. له ساڵى (1910)دا جارى دووه‌مین ده‌زگاى ئهنتهرناسیۆنالیزمى ژنان له پایته‌ختى دانیمارک کۆپنهاگن کۆ بوونه‌وه و کلارا زه‌تکین پێشنیار ده‌کا رۆژێک بۆ به‌رخودانى ژنانى و ژنانى رهنجدهرى جیهانى قه‌بوڵ بکرێ. ئه‌و پێشنیاره له لایه‌ن نوێنه‌رانى کۆبوونه‌وه‌که په‌سه‌ند کرا. کلارا زه‌تکین له کۆبوونه‌وه‌که‌دا وتى رۆژى ژنانى هه‌روه‌ها پێویسته که ببێته رۆژى چینى پرۆلیتار که له به‌رامبه‌ر سیستمی سه‌رمایه‌دارى و بورژوازى تێده‌کۆشن.
دۆخى ژنانى ره‌نجده‌ر تا ساڵى 1975 ته‌نیا له لایه‌ن ژنانى ره‌نجده‌ره‌وه به پێى جه‌وهه‌رى خۆى پیرۆز ده‌کرا، به‌ڵام ئه‌و رۆژه‌ى که به ره‌نج و ئاره‌قه‌ى ژنان په‌سه‌ند کرا، سه‌رنجى راى گشتى جیهانى راده‌کێشا، و له لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانه‌وه وه‌ک رۆژى جیهانى ژنان راگه‌یه‌نرا، به‌ڵام ژنانى ره‌نجده‌ر بڕیارى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانیان ده‌رباره‌ى هه‌شتى مارس وه‌ک هه‌وڵدانێکى دوورخستنه‌وه ئه‌و رۆژه له ناورۆکى راسته‌قینه‌ى خۆى هه‌لسه‌نگێندرا.
ژنان له هه‌موو ده‌ڤه‌رێکى جیهان تیکۆشانیان له مه‌یدان به‌گۆڕتر کرد. له به‌رامبه‌ر نه‌ژادپه‌رستى، له هه‌ر چوار لاى جیهان ده‌نگیان به‌رز کرده‌وه، زۆر و سته‌میان له‌سه‌ر ژنانى تیکۆشه‌ر شه‌رمه‌زار کرد و له هه‌ر هه‌لومه‌رجێکدا پشتگیریان نیشان دا. ژنان له ڤیه‌تنام، شیلى، ئه‌رژه‌نتین، ئه‌فریقاى باشور، سۆڤیه‌ت، رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و، له سه‌ر خاکى میزۆپۆتامیا، هه‌زاران ژن به چالاکیه‌کانیان پرسه‌کانى ژنیان خسته رۆژه‌ڤى جیهانه‌وه. له رۆژى ئه‌مرۆ دا ژنانى ره‌نجده‌ر داکۆکى له‌و میراسهى خۆیان ده‌که‌ن، و، ئاڵاى به‌رخودانێکى که لایه‌ن ژنانى رهنجدهرى کارگه‌ى نیویۆرک به‌رز کرایه‌وه، وه‌رگرت و به‌رزتریان کرده‌وه.
له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست که وه‌ک جوگرافیاى سه‌رهه‌ڵدانى مرۆڤایه‌تى ده‌ناسرێ، ژنان بۆ مافى سروستى و ره‌نجى خۆیان تا ئێستاش تێده‌کۆشن. له‌م ناوچه‌دا که ژن له زیاترین بێمافیدا ده‌ژى و ناڕه‌وایى لێ ده‌کرێ، رۆژى هه‌شتى مارس به واتاتر ده‌بینێت. هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ش ژنانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به تایبه‌تى ژنانى کورد زیاتر داکۆکى له‌و رۆژه ده‌که‌ن. ژنانى کورد که رووبه‌ڕووى سیستمی ده‌سه‌ڵاتدارى پێنج هه‌زار ساڵه‌ى نایه‌کسانى، بێمافى، کۆیلایه‌تى و سته‌م بوونه‌ته‌وه، ئێستا به پێشه‌نگى بزوتنه‌وى ئازادى ژنانى کورد سه‌رله نوێ خۆى ده‌ناسێ، خۆى بونیاد ده‌نێته‌وه و ئاڵاى شۆرشى هه‌ڵکردووه. له‌و کاروانه‌ى ئازادی ژنانى کورددا، زۆر قوربانیشى داوه و تا ئێستاش ده‌یدا، به‌ڵام تێکۆشانه‌که‌ى له‌گه‌ڵ تێکۆشانى سه‌دانه‌ى ساڵه‌ى ژنانى ره‌نجده‌ر بۆ ئازادى، ئاشتى و دیموکراسى ده‌کاته یه‌ک و، له هه‌موو ساڵێک و سه‌رده‌مێک زیاتر به واتایه‌کى مه‌زن داکۆکى له‌و هه‌شتى مارس ده‌کات. به دروشمى "ژیانێکى ئازاد به ره‌نجى ژنان ده‌خوڵقێنرێ"، ژنانى کورد له‌هه‌موو ساڵێک زیاتر ده‌نگى خۆى له مه‌یدانه‌کاندا بڵاو ده‌که‌نه‌وه.