ده‌بێ بزانین هێزه‌کانى ئیمپریالیست، که ده‌ستیان له هیواکانیان له روژهه‌ڵاتى ناوین به‌رنه‌داوه ...
په‌یامی نه‌ورۆزی (2015)ی رێبه‌ر ئاپۆ
بۆ هه‌موو گه‌لانمان
سلاو له نه‌ورۆزى گه‌لانمان و دۆستانیان و ئه‌وانه‌ى له‌گه‌ڵ ئاشتی، یه‌کسانى و ئازادى و دیموکراسین.
ئه‌و قه‌یرانه‌ى سیاسه‌تى نیولیبرالى سه‌رمایه‌دارى ئیمپریالیست و نۆکهرایهتى دیکتاتۆریه‌تى ناوچه‌که رێى له‌سه‌ر کردوته‌وه، به شێوه‌یه‌کى زۆر تێکده‌رانه کاریگه‌رى له‌سه‌ر هه‌رێمه‌که‌مان و وڵاته‌که‌مان کردووه. جیاوازییه ئه‌تنیکى و ئایینى گه‌له‌که‌مان و کلتوره‌که‌مان له‌م که‌شى قه‌یرانه‌دا، رووبه‌ڕووى شه‌ڕێکى بێ‌واتا و دڵڕه‌قانه‌ى بۆته‌وه. نه به‌ها مێژوویى و سه‌رده‌مى و نه ویژدانى و سیاسییه‌که‌مان له ئاست ئه‌و تابلۆیه‌دا هه‌رگیز بێده‌نگ و دووره‌په‌رێز نابێت. به پێچه‌وانه‌وه ده‌ستوه‌ردانى به‌په‌له، وه‌ک پێداویستییه‌کى به‌رپرسیارێتى سیاسیى و ره‌وشتی و باوه‌ڕى ئایینیمان ده‌بینێت.
ئه‌و تێکۆشانه‌ى گه‌لانى وڵاته‌که‌مان بۆ دیموکراسی، ئازادى و برایه‌تى و ئاشتییه‌کى ئابڕومه‌ندانه به‌ڕێوه‌ى برد، ئه‌مڕۆ له قۆناغێکى مێژوویىدایه. تێکۆشانى پڕ له ئێشى بزوتنه‌وه‌که‌مان له ماوه‌ى چل ساڵدا به هه‌ده‌ر نه‌چووه و پێى ناوه‌ته قۆناغێکى وه‌ها که ناکرێ به هه‌مان شێوه به‌ڕێوه ببرێت. مێژوو و گه‌لانمان داواى چاره‌سه‌رییه‌کى دیموکراتیک و ئاشتیانه ده‌که‌ن به پێى رۆحى سه‌رده‌م. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ى له قۆناغى مێژوویى دۆڵمه‌باخچه‌دا به‌و راگه‌یاندنه‌ى له ده خاڵ پێک هاتووه و له لایه‌ن هه‌موومانه‌وه به فه‌رمى راگه‌یه‌ندرا، ئێمه رووبه‌ڕووى ده‌ستپێکردنى پرۆسه‌یه‌کى نوێین.
به رێکه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و پره‌نسیپانه‌ى له بهیاننامهکهدایه، بانگى به‌ستنى کۆنگره‌یه‌ک به پێویست و مێژوویى ده‌بینم، بۆ ئه‌وه‌ى په‌که‌که ئه‌و تێکۆشانه‌ى نزیکه‌ى سى ساڵه له دژى تورکیا به‌رێوه‌ى ده‌بات و له چه‌ک پێکدێت، دوایى بێنێ بۆ دیاریکردنى ستراتیژى و تاکتییکه سیاسیى و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانى به‌پێى رۆحى سه‌رده‌م. هیوادارم که له ئاینده‌یه‌کى نزیکدا، له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و پره‌نسیپانه و بهراییکردنى له لایه‌ن کۆمسیۆنێکى حه‌قیقه‌ت و رووبه‌ڕووبوونه‌وه، که له ئه‌ندام په‌رله‌مانى هه‌نوکه‌یى و ده‌سته‌ى چاودێرى پێک بێ، به سهرکهتوانه ئه‌و کۆنگره‌یه ببه‌سترێت.
به‌وه‌ى رێى ئه‌و کۆنگره‌یه، سه‌رده‌مێکى نوێ ده‌ست پێده‌کات، به‌و سه‌رده‌مه نوێیه‌ش له نیو کۆمارى تورکیادا له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستورى بنه‌ڕه‌تی، وه‌ک کۆمه‌ڵگه‌یه‌کى دیموکراتیک و خاوه‌ن ناسنامه‌یه‌کى دیموکراتیک، پێ ده‌نێینه نێو قۆناغى پێکه‌وه‌ژیانى ئاشتیانه.
به‌و پێیه پاشخانى ئه‌و کۆمارى تورکیایه‌ی، که ٩٠ ساڵه پڕێتى له شه‌ڕ، ده‌رباز ده‌بین و به‌ره‌و ئاینده‌یه‌کى ئاشتى راسته‌قینه، به پێوه‌رى دیموکراسی گه‌ردوونى ئاوێته بووه، هه‌نگاو بنێین. شتێکى که له مێژوویى نه‌ورۆزى راسته‌قینه‌شدا دێت، سڵاوکردنه له ژیانیکردنى وه‌ها نه‌ورۆزێک؛ به‌ڵام دیارده‌یه‌کى که بۆ گه‌ل و وڵاته‌که‌مان راسته، ده‌بێ له هه‌مان کاتدا بۆ هه‌رێمه‌که‌شمان به هه‌مان شیوه‌یه بێت. راستینهى سه‌رمایه‌دارى ئیمپریالیست به گشتی دووسه‌د ساڵى دوایى به تایبه‌تى له‌م سه‌د ساڵه‌ى دواییدا له‌سه‌ر بنه‌ماى ناسیۆنالیزمی نه‌ته‌وه ـ ده‌وڵه‌ت ، ناسنامه‌ى نه‌ژادى و ئایینى به شێوه‌یه‌که که له دژى جه‌وهه‌رى خۆی، به رووى خۆیدا داخستووه و یه‌کیان کردۆته دوژمن. واته به‌پێى سیاسه‌تى "پارچه بکه و به‌ڕێوه ببه"، بوونى خۆى بێبه‌زه‌ییانه تا رۆژى ئه‌مرۆمان هێناوه!
ده‌بێ بزانین هێزه‌کانى ئیمپریالیست، که ده‌ستیان له هیواکانیان له روژهه‌ڵاتى ناوین به‌رنه‌داوه، دوایین زۆرداریان به شێوه‌ى داعش هاته ئاراوه، ئه‌و رێکخراوه‌ى که دڕاندایهتیشى بێ‌واتا کردووه، بێ ئه‌وه‌ى بڵێ ئه‌مه ژن و منداڵه، کورد، تورکمان، عه‌ره‌ب، ئیزیدی، ئاسوری و سریانییه له دژى هه‌موو گه‌ل و که‌مینه‌کانى هه‌رێمه‌که، کۆمه‌ڵکوژى دڕندانه ئه‌نجام ده‌دات.
رۆژ ئه‌و رۆژه‌یه، که ئه‌و مێژووه بێبه‌زه‌یى و وێرانکه‌ره، کۆتایى بێ و پێ بنێته ئاشتی، برایه‌تى و دیموکراسییه‌کى که به پێى پاشخانى راسته‌قینه‌مان بێت. به راستى ده‌بینم و به‌وه باوه‌ڕم هه‌یه، نه‌ته‌وه ـ دهوڵهتانێکى که ناسیۆنالیزمی وێرانکار، له‌ناوبه‌ر و پڕئاڵۆزیان به‌رهه‌م هێناوه به کرانه‌وه به روى سیاسه‌ت و ناسنامه‌ى دیموکراتیک ناچارن وه‌رچه‌رخێن بۆ وڵاتى هاوبه‌ش. بۆ ئه‌وه‌ش بانگ له نه‌ته‌وه ـ ده‌وڵه‌ته‌کان ده‌که‌م له ناو خۆیاندا به سیاسه‌تى دیموکراتیک جۆرێکى نوێى دیموکراسی هاوبه‌ش پێک بێنن، نه‌ته‌وه ـ ده‌وڵه‌ته‌کان له نێو خۆیاندا ماڵى هاوبه‌شى دیموکراتیکی رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بونیاد بنێن.
به‌م بۆنه‌یه‌وه داوا له ژنان و گه‌نجان ده‌که‌م که به‌ره‌و ئازادى له شه‌قه‌ى باڵ ده‌ده‌ن و زۆرینه‌ى چه‌وساوه‌ى کۆمه‌ڵگه‌که‌مانن، له تێکۆشانى ئازادى و یه‌کسانیدا له بوارى ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ئاسایشى قۆناغى ههنوکهییهمان چالاکانه به‌شدار بن و سه‌ری بخه‌ن. وێڕاى ئه‌وه‌ش سڵاو له به‌رخودان و سه‌رکه‌وتنى کۆبانێ ده‌که‌م، که هه‌م بۆ هه‌رێمه‌که‌مان و هه‌م بۆ کۆمه‌ڵگه‌ى نێونه‌ته‌وه‌یى واتایه‌کى مه‌زنى هه‌یه. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه سڵاو له "رۆحى ئاشمێ" ده‌که‌م که سیمبوڵێکى مێژووى نوێى نیوان گه‌لانمانه. ئه‌و ئاماژانه‌ى له سه‌ره‌وه هه‌وڵم دا ده‌ستنیشانى بکه‌م ئه‌گه‌ر به ده‌سته‌واژه‌یه‌ک بڵێم: ئه‌وه بۆ کۆمه‌ڵگه سه‌رله‌نوێ پاکسازی، بونیادنه‌وه و داڕشتنه‌وه‌ى مێژوویى و رۆژانه‌یی، بانگهوازیهکى هێژایه. جارێکى تر سڵاو له خودى ئه‌م نه‌ورۆزه مێژووییه، به‌و هیواى ئه‌وه‌ى که بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تى ببێته مایه‌ى خێر.
بژى نه‌ورۆز
بژى برایه‌تى گه‌لان
عه‌بدوڵا ئۆجالان
دوورگه‌ى ئیمرالى
21/3/2015